رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە ناوچەیەکی باشووری بەیرووت لەدوای بۆردوومانێکی ئیسرائیل، ئەمشەو (16-11-2024)، وێنە: IBRAHIM AMRO / AFP
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمشەوی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری بەیرووت، شەش کەس کوژران کە سێیان منداڵن.
ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان دەڵێت "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، هێرشێکی ئاسمانیی گەورەیان کردە سەر گەڕەکی حرێک" لە باشووری بەیرووت.
ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل هۆشداری دابوو کە هێرش دەکاتە سەر 10 شوێنی ئەو گەڕەکە و ئەمشەو (شەممە، 16-11-2024) لانیکەم سێ جار ئیسرائیل باشووری بەیرووتی بۆردوومانکردووە.
ئەم هێرشانە تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێن بەرپرسانی لوبنان رایانگەیاندبوو، هەڵسەنگاندن بۆ پلانێکی ئاگربەست دەکەن کە لە لایەن ئەمریکاوە پێشنیازکراوە.
ئەمڕۆ، سەرچاوەیەک بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندبوو، دوو سەرکردەی باڵای جیهادی ئیسلامی، کە بزووتنەوەیەکی فەلەستینییە، هەفتەی رابردوو لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە سووریا کوژراون.
پێش ئەوەی تاریکی دابێت، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە بۆردوومانکردنی باشووری بەیرووت بەردەوام بوون. سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی باشووری شارەکە کردبوو، چەند شوێنێک چۆڵبکەن، کە دواتر بۆردوومانکران.
ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ، "دوژمن" سێ هێرشی ئاسمانیی کردنە سەر بەیرووت. ئاژانسەکە دواتر رایگەیاند، گەڕەکی شیاهـ بە هێرشێکی دیکەی ئاسمانی کراوەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو شوێنانەی بە رۆژ بۆردوومانیکردوون، "کۆگەی چەک" و "ناوەندی فەرماندەیی" حیزبوڵڵا بوون لە باشووری بەیرووت.
میدیای فەرمیی لوبنان هەروەها رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر باشووری شاری سوور لە نزیک شوێنەوارێک کە لە لیستی میراتی یونیسکۆدایە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان باس لەوە دەکات، لە شوێنێکی دیکەی باشووری لوبنان، دوو کارمەندی فریاگوزاری بە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل کوژراون.
هەر ئەمڕۆ، حیزبوڵڵا رایگەیاندبوو، ژمارەیەک گورزە مووشەکی گرتووەتە باکووری ئیسرائیل و پێگە سەربازییەکانی بەئامانجکردووە، لە نێویاندا بنکەیەکی هێزی دەریایی لە حەیفا.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، زیاتر لە 3 هەزار و 440 کەس لە تشرینی یەکەمی پارەوە کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ