رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتایی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەردەوام و رۆژانە بۆردوومانی ناوچەی زاحییەی بەیرووت دەکات؛ لە هەمان کاتدا باسی دەستپێشخەریی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە لوبنان دەکرێت.
ئیسرائیل لەڕێگەی فڕۆکەوە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون مووشەکباران دەکات و، 10 خولەک بەر لە هێرشەکە، هۆشداری دابووە دانیشتووانی ناوچەکە باڵەخانەکە چۆڵ بکەن.
دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێ "زانیاریمان هەیە حیزبوڵڵای لوبنان مووشەک لە ناوچە سڤیلەکان دەشارێتەوە و بەو مووشەکانەش باکووری ئیسرائیل بۆردوومان دەکات. هێرشە ئاسمانییەکانمان هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانمان بەردەوام دەبن."
لە گۆڕەپان، ئیسرائیل نەیتوانیوە لەو 4 کیلۆمەتر قووڵاییەی لە نزیکەی 6 هەفتەی ئۆپەراسیۆنەکانی لە باشووری لوبنان کۆنترۆڵی کردووە، زیاتر بەرەوپێشەوە بڕوات.
حیزبوڵڵا دەڵێت، سەرجەم هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە بەرزە ستراتیژییەکانیان، شکستپێهێناون.
لە سەکۆ سیاسییەکە، باس لە دەستپێشخەرییەکی ئەمریکا تایبەت بە ئاگربەست دەکرێت، کە 13 خاڵی لە خۆگرتووە؛ زۆربەیان لەگەڵ بڕیاری 1701ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکدەگرنەوە، تەنیا خاڵێک نەبێت کە رێگە بە ئیسرائیل دەدات هەر کاتێك هەست بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی بکات، هێرشی ئاسمانی بۆسەر هەر شوێنێکی لوبنان بکات.
نەبیه بری، سەرۆکی پەرلەمان کە شیعەیە و نوێنەری دیفاکتۆی حیزبوڵڵایە؛ ئەو خاڵەی رەتکردووەتەوە و دەڵێت سەروەریی لوبنان دابەشی دوو ناکرێت.
عەلی لاریجانی، گەورە راوێژکاری رێبەری ئێران لە دوای دیمەشق، سەردانی بەیرووتی کرد و لەگەڵ میقاتی، سەرۆکوەزیرانی سوننەمەزهەب کۆبووەوە؛ میقاتی جەختی لە سەروەریی یاسا کردەوە؛ لەگەڵ چوونە دەرەوەی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان و جێگیرکردنی سوپای لوبنان لە باشوور و کشانەوەی حیزبوڵڵا بۆ پشت رووباری لیتانی، واتە 35 کیلۆمەتر دوورتر لە سنووری ئیسرائیل.
لاریجانی هەروەها لەگەڵ نەبییە برری کۆبووەوە.
لاریجانی "کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو دۆخێكدا پاڵپشتی لە گەلی لوبنان و بەرپرسانی لوبنانی دەکات، ئەو پاڵپشتییە بە ئەرکێكی خۆمان لە ئاست گەلی لوبنان و خواستەکانی دەزانین."
هاتنەوەی ترەمپ، زۆر شتی جوڵاندووە؛ مەسک کە ئێستا رۆڵی دەستە راستەکەی ترەمپ دەگێڕێت؛ رۆژێك بەر لەوەی بە سەرۆکی " بەڕێوەبەرایەتی توانستی حکومی" دابنرێت لەگەڵ ئەمیر ئیرەڤانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماڵەکەی ئیرەڤانی لە نیویۆرک کۆبووەتەوە و باسیان لە "چۆنیەتی هێورکردنەوەی گرژی" نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە، ئەمە وەک رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوی کردووەتەوە، هەرچەندە دواتر ئێران بەفەرمی ئەو هەواڵەی رەتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ