عەلی لاریجانی: نامەی رێبەری ئێرانم گەیاندە لوبنان و سووریا

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، "نامەی رێبەر و سەرۆککۆماری ئێرانی گەیاندووەتە دەست بەرپرسانی لوبنان و سووریا."
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای لوبنانی عەلی لاریجانی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لە نێوەڕۆکی نامەکانی خامنەیی و مەسعود پزیشکیان نەکرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە نامەکان تایبەت بوون بە پشتگیریکردنی خەڵک و هێزەکانی نزیک لە تاران لە هەردوو وڵات.
 
رۆژی هەینی 15-11-2024 عەلی لاریجانی سەردانی لوبنانی کرد و لە بەیرووت لەگەڵ نەبیهـ بری، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و رۆژی پێنجشەممەش لە سەردانێکی بۆ دیمەشق لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا گفتوگۆی کرد.
 
کۆبوونەوە لە سووریا و لوبنان
 
میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەی نێوانیان، ئەسەد بە لاریجانیی گوتووە کە سووریا پابەندە بە "مافی مێژوویی گەلی فەلەستین" و پشتگیریی بۆ لوبنانیش دەربڕیوە. ئەسەد جەختی لەوە کردووەتەوە، "پێویستە هەرچی زووە کۆمەڵکوژی و تاوانی جینۆساید رابگیرێت."
 
لاریجانیش ئەسەدی لە "هاوسۆزیی ئێران بۆ سووریا" دڵنیا کردووەتەوە و ئامادەیی ئێرانی بۆ پێشکێشکردنی یارمەتی دەربڕیوە.
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیشدا لە بەیرووت، لاریجانی گوتی، "بە بەرپرسیارێتیی خۆمانی دەزانین کە لە هەموو دۆخێکدا پشتگیری لە موقاوەمە بکەین."
 
راوێژکارەکەی عەلی خامنەیی رایگەیاند، "ئامانجی ئەو نامانە بریتییە لە بەهێزکردنی گەلی لوبنان و سووریا و بەرهەڵستییان."
 
لەبارەی ئاشکراکردنی نێوەڕۆکی نامەکان، لاریجانی ئەو بڕیارەی بۆ بەشار ئەسەد و نەبیهـ بری جێهێشت و گوتی، "ئەوە پەیوەندی بە نهێنی یان مەترسییەکەوە نییە، بەڵکو رێزگرتنە لە بڕیاری ئەو لایەنانەی نامەکانیان وەرگرتووە و دەیانەوێت بە چ شێوەیەک باسی بکەن."
 
رۆژێک بەر لە سەردانەکە، بەرپرسانی لوبنان پێشنیازێکی ئاگربەستیان لە لایەن ئەمریکاوە پێگەیشت بۆ ئەوەی بۆ 60 رۆژ جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بووەستێنرێت و لەو ماوەیەدا سوپای لوبنان بە درێژایی سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل جێگیربکرێت. 
 
لەسەر ئەو پرسە، لاریجانی رایگەیاند، "ئێران پاڵپشتی لە هەر بڕیارێک دەکات کە حکومەت و موقاوەمەی لوبنانی دەیدات. لەوانەیە ئەو پێشنیازە چارەسەرێک لەخۆ بگرێت، بەڵام بەو مەرجەی واشنتن و ئیسرائیل تێکی نەدەن."
 
نەبیهـ بری، کە نوێنەرایەتیی حیزبوڵڵا دەکات لەو دانوستاندنە، داوای سێ رۆژ مۆڵەتی کردووە تاوەکو بڕیار لەسەر پێشنیازەکە بدەن. ئیسرائیل هێشتا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پێشنیازەکە ئاشکرا نەکردووە. 
 
رۆژی 08-07-2023 واتە رۆژێک دوای جەنگی غەززە، حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگەکە، بەڵام لە 23ی ئەیلوولەوە ئیسرائیل بۆردوومانکردنی باشووری لوبنانی چڕکردەوە و دواتر دەستی بە هێرشی زەوینی کرد.  
 
لاریجانی لەبارەی بزووتنەوەی حیزبوڵڵا گوتی، "حیزبوڵڵا پارتێکی ژیر و لۆژیکییە، چەندین سەرکردەی پێگەیشتوو و دانای هەیە. ئێمە متمانە بە خۆیان و بڕیارەکانیان دەکەین. ئەوان هیچ ئامۆژگارییەکیان لەلایەن هیچ کەسێکەوە پێویست نییە، بەڵکو ئامۆژگاری و رێنموویی کەسانی دیکە دەکەن."
 
بەرپرسە ئێرانییەکە پەسنی جەنگی حیزبوڵڵای دژی ئیسرائیل کرد و گوتی، "ئەو جەنگە مانای ئەوەیە کە رژێمی زایۆنی شکستی هێناوە و دەرخەریی بێ عەقڵیی ئەوانە. خەڵک، هەروەها بەرهەڵستکاریی لوبنان پیشانیان داوە کە چەندە لۆژیکین و چەند ئاگاداری دۆخەکەن."
 
"رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ"
 
عەلی لاریجانی لەبارەی قسەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە چەند جارێک باسی "رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ"ـی کردووە، گوتی، "نەتەنیاهوو خەون بە گۆڕینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دەبینێت، بەڵام چ هێزێک ئەو خەونەی بۆ بەدی دەهێنێت؟ هەموو پشتبەستنی ئەو لەسەر ئەمریکایە، بەڵام ئایا خۆی تاوەکو ئێستا چی بەدەستهێناوە؟ نەتەنیاهوو خەون دەبینێت. با بۆخۆی هەر خەون ببینێت."
 
لە هەڤپەیڤینەکەدا لاریجانی باسی جەنگی 2006ـی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی کرد و گوتی، "کۆندۆلێزا رایس [وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا] ویستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابڕژێتەوە، بەڵام ئێستا لە کوێیە؟ چی بەدەستهێنا؟ دامەزراندنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ لە دەستی ئەم و ئەو نییە، بەڵکو لە دەستی ئەوانەیە کە لە سەر زەوی بەرگری دەکەن."
 
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆسەر یەکدی، پرسیار لە لاریجانی کرا و ئەویش گوتی، "کاتێک ئێران کرایە ئامانج، بە زیاتر لە 200 مووشەک وەڵاممان دایەوە. دەتوانیت ناوی یەک وڵاتی عەرەبیم پێ بڵێیت کە تەنانەت یەک گوللـەی ئاراستەی ئیسرائیل کردبێت؟"
 
'رێگەی سەرکردە مەزنەکان شەهید بوونە'
 
لەبارەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵا و یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، لاریجانی گوتی، "ئێمە لە بردنەوە دڵنیاین. ئەو جینۆسایدەی ئیسرائیلیش لە غەززە تەنیا بووە هۆی دروستکردنی خەڵکێکی زیاتری بەرهەڵستکار. ئێمە بینیمان ئیسرائیل چی کرد و یەحیا سنواریش چۆن دژی وەستایەوە. دواجار هەزارانی دیکەی وەکو سنوار دروست دەبنەوە."
 
خامنەیی پێی وابوو "مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە. سەرکردە مەزنەکان دەجەنگن و شەهید دەبن، رێگە بۆ نەوەی دوای خۆیان دادەڕێژن بۆ ئەوەی شەڕی ئازادی بکەن. ئەمڕۆ دەبینین نەوەیەکی مەزن و بوێر کە سەرکردەی بەتوانا لەخۆ دەگرن هاتوونەتە پێش. ئێمەش پێیانەوە سەربەرزین."