ئیسرائیل مۆنۆمێنتێکی تایبەت بە تورکەکانی لە غەززە خاپوور کرد

هەڵۆ کاکەوەیس
 
سوپای ئیسرائیل کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی بەندەری غەززەی راگەیاند و لە هەمان کاتدا وێنەی مۆنۆمێنتی ''شەهیدانی مەڕمەڕە''ی تایبەت بە تورکەکان بە خاپوورکراوی دەرکەوت.
 
دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە پاش ئەوەی سەربازەکانی لیوای 188 و هێزی 13ی دەریایی توانییان بە تەواوی دەستبەسەر بەندەری غەززەدا بگرن، رایگەیاند، ''ئەو بەندەرە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بۆ گواستنەوەی چەک و کاری تیرۆریستی بە کاردەهات و توانیمان بە تەواوی ناوچەکە و باڵەخانەکان پاک بکەینەوە''.
 
دانیال هەگاری لەبارەی مۆنۆمێنتی ''شەهیدانی کەشتیی مەڕمەڕە'' دەڵێت، "لەو شوێنەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی حەماس روویدا و 10 چەکداری حەماسیش کوژران و مۆنۆمێنتەکەش رووخێندرا''.
 
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەدات، حەماس بەشێوەیەکی زۆر سەرەکی پشتی بەو بەندەرە بەستووە و بۆ مەبەستی "تیرۆریستی" و بۆ ئاراستەکردن و ئەنجامدانی هێرشی دەریایی بەکارهێناوە. گوتیشی، "ئەو شوێنە بۆ ئەو مەبەستە خراپانە بەکارهێنراوە لە راهێنان و ئەنجامدانی تیرۆر و هەروەها بەکارهێنانی کەشتییە مەدەنییەکان و کەشتییە دەریاییەکانی پۆلیسی غەززە".
 
لە 31ی ئایاری 2010 کەشتیی ماڤی مەڕمەڕەی تورکیا هاریکاری مرۆیی بۆ غەززە دەهێنا و لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە هێرشی کرایە سەر و ژمارەیەک چالاکڤانی تورکیا لەناو کەشتییەکەدا کوژران، ئەو رووداوە بووە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا.
 
شەش ساڵ دوای ئەو رووداوە، ئیسرائیل 20 ملیۆن دۆلاری بە کەسوکاری قوربانییەکانی کەشتی مەڕمەڕە بەخشی و لە 31ی ئایاری 2011 و لە یەکەم ساڵیادی هێرشەکەدا حکومەتی غەززە بە سەرۆکایەتی ئیسماعیل هەنییە وەک رێزلێنانێک بۆ قوربانییانی کەشتییەکە پەردەی لەسەر مۆنۆمێنتی ''شەهیدانی کەشتی مەڕمەڕە'' لادا.