نەتەنیاهوو وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە؛ 'وانەت لێ وەرناگرین'

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی سەرۆکی تورکیا، ئیسرائیلی بە "دەوڵەتی تیرۆر" و حەماسی بە "رێکخراوی سیاسی" ناوبرد، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، ''ئێمە هیچ وانەیەک لەوان وەرناگرین، ئەو خۆی چەند گوندێکی تورکیای بۆمبباران کردووە.''
 
رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ قەشە فرانکلین گراهام، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی مرۆیی سەماریتانز پێرس، تورکیای بە "پاڵپشتییکردن لە تیرۆریستان" تۆمەتبارکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئەردۆغان ئیسرائیلی بە "دەوڵەتی تیرۆر" ناوبرد.
 
لە گوتەیەکدا نەتەنیاهوو رایگەیاند "هەندێک هێز هەن، پاڵپشتیی لە تیرۆریستان دەکەن، یەکێک لەوان رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیایە کە بە ئیسرائیل دەڵێت 'دەوڵەتی تیرۆر'، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە؛ ئەو پاڵپشتیی تیرۆریستانی حەماس دەکات. ئەو خۆی چەند گوندێکی تورکیای لەنێو تورکیا بۆمبباران کردووە، بۆیە هیچ وانەیەک لەوان وەرناگرین."
 
رۆژی چوارشەممە، سەرۆکی تورکیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە گوتی "ئیسرائیل دەوڵەتی تیرۆرە."
 
ئەو داوای لە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان کرد سەرکردەکانی ئیسرائیل بە تۆمەتی ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" دادگایی بکرێن و گوتی، "حەماس رێکخراوێکی تیرۆریستیی نییە، حیزبێکی سیاسییە و هەڵبژاردنی ساڵی 2006ـی فەلەستینی بردووەتەوە، بەڵام لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە مافەکانی زەوتکراون."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەردۆغان گوتی، "لەکاتێکدا ئێمە سەرکۆنەی ئیدارەی ئیسرائیل دەکەین، ئەو کەسانە لەبیر ناکەین کە بە ئاشکرا پشتیوانیی ئەم کۆمەڵکوژییانە دەکەن و شەرعییەت بەو کارە دەدەن. ئێمە جینۆساید دەبینین."
 
ئەو رووی دەمی ئاراستەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و گوتی، "ئێستا لێرەوە داوا لە نەتەنیاهوو دەکەم. چەکی ئەتۆمت هەیە یان نا؟ روونی بکەوە، بەڵام ناتوانێت. ئەی ئیسرائیل! تۆ چەکی ئەتۆمت هەیە و هەڕەشەی پێدەکەیت. ئێمە ئەوە دەزانین. هەروەها ئەجەلت دێت. تا دەتوانیت ببە خاوەن چەکی ئەتۆم. بەڵام تۆ دەڕۆیت." 
 
گوتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا و وەڵامەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتێکدان، وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاندووە لە سەرەتای هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە، نزیکەی 11 هەزار و 500 کەس کوژراون. 
 
حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، جگە لە کوشتنی هەزار و 200 ئیسرائیلی و بریندارکردنی لانیکەم 8 هەزار و 168ـیی دیکەیان، زیاتر لە 240 کەسی دیکەشی بە دیل گرت، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، زۆربەی کوژراوان خەڵکی سڤیل بوون.