نووسینگەی میدیای حکومی لە غەززە: 11 هەزار و 500 کەس کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی میدیای حکومی لە غەززە ئامارەکانی 40 رۆژی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 11 هەزار و 500 کەس کوژراون و سێ هەزار و 640 کەسیش بێسەروشوێنن. هۆشداریش دەدات لەوەی بەهۆی نەمانی سووتەمەنییەوە رۆژی پێنجشەممە پەیوەندییەکان و ئینتەرنێت بەتەواوەتی لەسەر غەززە دەپچرێت.
شەوی چوارشەممە، 15-11-2023، نووسینگەی میدیای حکومی لە غەززە ئاماری زیانەکانی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ئیسرائیل "شەڕی لەنێوبردنی بەکۆمەڵ دەرهەق بە گەلی فەلەستینی لە رێگەی بۆردوومانکردنیان بە فڕۆکە و تانک و مووشەکی سووتێنەر دەکات، جگە لەوەش هەڵمەتێکی چەواشەکاری و کردنەئامانجی رێکخراو لە دژی نەخۆشخانەکان بەڕێوەدەبات و نەخۆشخانەکانی مەعمەدانی، ئەندەنووسی، رەنتیسی، خزمەتی گشتی، قودس و تورکی و نەخۆشخانەی دیکەی کردووەتە ئامانج کە سەدان شەهید و برینداری لێدەکەوێتەوە."
بەپێی نووسینگەی میدیای حکومی لە غەززە، لەماوەی 40 رۆژی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل ئەم ئامارانەیان بەدەستگەیشتووە:
- کۆی کوشتوبڕەکان: 1200
- بێسەروشوێنان: 3 هەزار و 640 کەس، لەنێویاندا هەزار و 770 منداڵ هەن و لە ژێر داروپەردووەکاندان.
- گیانلەدەستدان: 11 هەزار و 500 کەس، لەنێویاندا چوار هەزار و 710 منداڵ، سێ هەزار و 160 ئافرەت، 200 کەس لە تیمە پزیشکییەکان لە پزیشک، 22 کارمەندی بەرگریی شارستانی (ئاگرکوژێنەوە)، 51 رۆژنامەنووس.
- بریندار: 29 هەزار و 800 کەس، کە زیاتر لە 70٪یان ئافرەتان و منداڵانن.
- ژمارەی باڵەخانە وێرانبووەکان: 95 باڵەخانەی حکومەت، 255 قوتابخانە،
- مزگەوتە ڕووخاوەکان: 74یان بەتەواوەتی رووخاون، 162 مزگەوت بەشێکیان رووخاوە.
- 25 نەخۆشخانە و 52 سەنتەری تەندروستی ناتوانن خزمەت بگەیێنن.
- 55 ئەمبیوڵانس کراونەتە ئامانج.
نووسینگەی میدیای حکومی دەڵێت "بەرپرسیاریێتیی تەواوی تاوانەکانی شەڕی رێکخراو دەخەینە ئەستۆی ئیسرائیل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەپێشەوەیاندا ئەمریکا، ئەوان بەرپرسن لەو تاوانانەی سوپای داگیرکەر لەدژی نەخۆشخانەکان و کۆمەڵگەی شفای پزیشکی بەتایبەت، کردوویەتی."
نووسینگەکە داوا لە وڵاتان دەکات، بە هەموو شێوازێک گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی شەڕەکە، کە پێیوایە "دژی سەرجەم یاسا نێودەوڵەتی و جیهانییەکانە."
نووسینگەی میدیای حکومی لە غەززە هۆشداری دەدات لە پچڕانی پەیوەندی لە غەززە و دەڵێت "ئێمە لەبەردەم تاوانێکی نوێداین وەکو ئەوەی وەزیری گەیاندنی فەلەستین رایگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە (ئەمڕۆ، 16-11-2023) خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندییەکان و ئینتەرنێت بەتەواوەتی لە کەرتی غەزە دەپچڕێت بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی، ئەوەش وادەکات تاوانەکانی جەنگی سوپای ئیسرائیل دەرهەق بە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس، پەردەپۆش بکرێت."
حەماس لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمیدا، جگە لە کوشتنی هەزار و 200 ئیسرائیلی و برینداربوونی لانیکەم 8 هەزار و 168ـیی دیکەیان، زیاتر لە 240ی دیکەشی بە دیل گرت، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، زۆربەی کوژراوان خەڵکی سڤیل بوون.