وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس: خەریکە لەدەست دەردەچێت

16-10-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئیران لەبارەی فراوانبوونی شەری نێوان حەماس و ئیسرائیل هۆشداری دەدات و دەڵێت، خەریکە فراوانبوونی بەرەی شەڕ دەگاتە قۆناخی لەدەست دەرچوون.
 
ئەمرۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لە چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی پاکستان، تونس و مالیزیا سەبارەت بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل و دۆخی غەززە دوای بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ناوچەیە، گفتۆگۆی کردووە و جەختیان لەسەر پێویستیی وەستاندنی "کوشتاری خەڵکی غەززە و خێراکردنی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو ناوچەیە" کردووە.
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دەڵێت، "ئەمڕۆ لەگەڵ هاوتا تونسی، مالیزیایی و پاکستانییەکانم گفتۆگۆم کرد. جەخت لەوە کرا کە دەبێ کوشتار و تاوانە جەنگییەکانی زایۆنییەکان لە غەززە بوەستێندرێت" و هاوکارییە مرۆڤییەکان بە خێرایی بۆ ناوچەکە بنیردرێن.
 
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەبارەی فراوانبوونی بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل هۆشداریدا و گوتی، "رامگەیاند کە خەریکە کات بۆ چارەسەری سیاسی بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەگەری فراوانبوونی شەڕ لە بەرەکانی دیکەدا لە قۆناخی لەدەست دەرچوون نزیک دەبێتەوە."
 
ئەوە چەندین جارە بەرپرسە باڵاکانی ئێران لەبارەی فراوانبوونی بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل هۆشداری دەدەن و دەڵێن، ئەگەر ئیسرائیل بۆردوومانی سەر کەرتی غەززە نەوەستێنێ، ئەگەری کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ لە دژی ئیسرائیل هەیە.
 
رۆژی هەینی، 13-10-2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیروت رایگەیاند، "ئەگەر گەمارۆی سەر غەززە و بۆردوومانکردنی خەڵکی ناوچەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەردەوام بێت، ئەگەری کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەر دژ بە ئیسرائیل لەلایەن هێزەکانی بەرەی خۆڕاگرییەوە هەیە."
 
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جەختی لەوەش کردەوە، "هێزەکانی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە بۆ کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل مۆڵەت لە تاران وەرناگرن."
 
رۆژی یەکشەممە، 15-10-2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوئێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لەبارەی فراوانبوونی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل هۆشداریدا و گوتی، "ئەگەر ئێسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوام بێت و کۆتایی بە کوشتاری خەڵک و گەرمارۆی سەر غەززە نەهێنێت، باردۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و بەرەکە فراوانتر دەبێت."
 
رۆژی سێشەممە،10-10-2023، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل لە رووی سەربازی و هەواڵگرییەوە تووشی شکستێکی وا بووە، کە بە هیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە. هۆشداریشیدا بە ئیسرائیل و گوتی، "بە کوشتاری زیاتر لە غەززە، تووشی کارەساتێکی گەورەتر دەبن و شەقێکی گەورەتر دەخۆن."
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند. ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ی راگەیاند.
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەروو هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و لانیکەم 3 هەزار و 400 کەس بریندارن.
 
وەزارەتی تەندروستی فەلەستینیش ئاماژە بەوە دەکات، تا ئێستا لانیکەم 2 هەزار و 750 کەس لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراون و 9 هەزار و 700 کەسی دیکە بریندار بوون. 54 کەسیش لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون و هەزار و 114 کەسیش بریندار بوون.
 
 
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە