ئەڵمانیا بۆ ئێران: بەنزین بە ئاگردا مەکە

رووداو دیجیتاڵ 

دوای کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ چەند بەرپرسێکی سەربازیی حەماس، ئەڵمانیا هۆشداریی دایە ئێران کە چیدیکە خۆی لە شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە تێوە نەگلێنێت.

رۆژی دووشەممە، 16-10-2023، سێباستیان فیشەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە لێدوانێکدا کە ئاراستەی ئێرانی کرد گوتی، "هەرکەس و لایەنێک دەیانەوێت یاری بە ئاگر بکەن و بەنزینی پێدابکەن بۆ خۆشترکردنی ئاگرەکە، ئەوا پێویستە دووجار بیربکاتەوە. چونکە ئێمە خەریکە تووشی شەڕێکی ناوچەیی دەبین."
 
ئەو لێدوانە دوای ئەوە دێت کە رۆژی شەممە، 14-10-2023، حوسەین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و ئیسماعیل هەنییە، رابەڕی گشتیی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبوونەوە.
 
پێشتر ئەمریکاش نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە ئەگەری تێوەگلانی ئێران لە شەڕی ئیسرائیل راگەیاندبوو. 
 
ساموێل وێربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە رۆژی پێنجشەممە 13-10-2023 کاژێر 23:00 پەخشکرا، ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی نیازی نییە هێزی سەربازیی شەڕکەر بنێرێتە ناوچەکە، وڵاتەکەی وەکو "گرووپێکی تیرۆریستی" لە بزووتنەوەی حەماس دەڕوانێت. هەروەها حەماس بە هۆکاری هەڵگیرساندن و دەستپێکردنی شەڕ دەزانێت و دەڵێت، هەموو کارێک دەکەن بۆ ئازادکردنی بارمتە ئەمریکییەکان لەلای حەماس.
 
لە پرسیارێکی رووداودا کە ئاخۆ ئێران بە تێوەگلان لەو هێرشانەی حەماس تۆمەتبار دەکرێت، ئەمریکا تەواو یەکلایی بووەتەوە کە ئێران رۆڵی لەو هێرشانەی حەماسدا نەبووە؟
 
ساموێل وێربێرگ، لە وەڵامدا گوتی، "تاوەکو ئێستا گوێمان لە سەرۆک بایدن و وەزیر بلینکن بووە کە بەڵگەمان لەبەردەستدا نییە رژێمی ئێران راستەوخۆ دەستی لەو هێرشی تیرۆریستییانە لەلایەن حەماسەوە هەبووبێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە رژێمی ئێرانی بەرپرسیارێتیی ناکەوێتە ئەستۆ، چونکە ساڵانێکە دەبینین کە چۆن یارمەتی وەک چەک و پارە و راهێنان دەداتە حەماس، حیزبوڵڵا و سەرجەم گرووپە تیرۆریستییەکان، بەڵێ لە کۆتاییدا پێمانوایە ئێران تێوەگلاوە و بەرپرسیارێتی هەیە، بەڵام لەبارەی ئەم هێرشانەوە بە دیاریکراوی، تاوەکو ئێستا بەڵگەمان لەبەردەستدا نییە کە حکومەتی ئێران یان رژێمی ئێران راستەوخۆ دەستی هەبووبێت، بەڵام هێشتا زانیاری و وردەکاری کۆدەکەینەوە."