ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیلەوە گەیشتە 4 هەزار و 150 کەس

16-10-2023
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن عەززە حەماس ئیسرائیل فەلەستین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

10 رۆژ بەسەر شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا تێدەپەڕێت. وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین دەڵێت، دوو هەزار و 754 کەس کوژراون و 10 هەزار و 814 کەسی دیکە برینداربوون. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش باس لەوە دەکات، زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون. 
 
ئەمرۆ دووشەممە، 16-10-2023، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا لانیکەم دوو هەزار و 750 کەس لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراون و نۆ هەزار و 700 کەسی دیکە بریندار بوون. 54 کەسیش لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون و هەزار و 114 کەسیش بریندار بوون. 
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش، زیاتر لە هەزار و 400 کەسیش لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و لانیکەم سێ هەزار و 400 کەس بریندار بوون.
 
بەرپرسانی فەلەستین ئاماژە بەوە دەکەن، لانیکەم دوو هەزار و 540 باڵەخانە و خانوو بەهۆی بۆردوومانەکانەوە خاپوور بوون.
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "نزیکەی 220 هەزار فەلەستینی لە 92 قوتابخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە پەنادراون، نابێت بەهیچ شێوەیەک بارەگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان بکرێنە ئامانج."
 
رۆژی یەکشەممە، 15-10-2023، دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پاڵپشتی پەنابەرانی فەلەستینی دەکات، رایگەیاند، "لانیکەم یەک ملیۆن کەس لە غەززە بێ ماڵن و ئاوارەبوون."
 
جولیەت تۆما، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئاژانسی کار و فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە UNRWA گوتی، "ئەگەری زۆر هەیە ئەو ژمارەیە زیادبکات، چونکە خەڵک بەردەوامن لە چۆڵکردنی ماڵەکانیان."
 
ئەوەش دوای ئەوە هات کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. ئیسرائیلیش لە وەڵامی حەماسدا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لە یەکەم رۆژی هێرشەکاندا گوتی، "حەماس دەیانەوێت بمانکوژن، ئیسرائیل بە رۆژێکی سەختدا تێدەپەڕێت، بەڵام دەبێت تیرۆریستان باجی ئەم کارەیان بدەن." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە