کوێت 100 هەزار دۆلار هاوکاری دەداتە پەناخوازانی سووریا لە ئوردن
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی کوێتی بە بڕی 100 هەزار دۆلار هاوکاریی دارایی پێشکێشی پەناخوازانی سووریا لە ئوردن دەکات و تێچووی نەشتەرگەریی دڵیش بۆ 32 نەخۆش دابیندەکات.
رۆژی یەکشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2022 ئاژانسی فەرمیی هەواڵی کوێت رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی رەحمەی کوێتی کەمپینێکی هاوکاریی بۆ یارمەتیدانی پەناخوازانی سووریا لە ئوردن راگەیاندووە بۆئەوەی نەشتەرگەری بۆ 32 نەخۆش بکات و بە بڕی 100 هەزار دۆلار هاوکاریی داراییان پێ ببەخشێت.
کۆمەڵگە کۆمەکبەخشەکەی کوێت لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، نەشتەرگەرییەکان وەکو پاڵپشتی بۆ باڵیۆزخانەی کوێت لە ئوردن لە نەخۆشخانەیەکی عەمانی پایتەخت ئەنجام دراون.
عەبدوڵڵا عەجەمی، سەرپەرشتیی کەمپەینەکە دەکات، باس لەوە دەکات کە ئەوە دەبێتە کەمپینی هەشتەم و بە هاوکاریی ژمارەیەک پزیشکی ئوردنی کراوە و "تاوەکو ئێستا 300 پەناخوازی نەخۆش لێی سوودمەند بوون."
عەجەمی ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی کۆمەڵگەکەیان سەرنج خستنەسەر دابینکردنی یارمەتیی پەروەردە و تەندروستییە و دەڵێت، لە کەمپەینەکەیاندا سەبەتەی خۆراک و کرێی خانوو دەبەخشنە پەنابەرانی سووریا لە ئوردن.
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش کوێت بە هاوبەشێکی ستراتیژی ناودەبات و دەڵێت، تائێستا لەڕێگەی رێکخراوەکانیەوە 435 ملیۆن دۆلاری بۆ خەڵکی لێقەوماوی سووریا و یەمەن دابینکردووە.
نزیکەی 675 هەزار پەنابەری سووریایی لە ئوردن دەژین کە 88 هەزاریان لە کەمپی زەعتەری و 15 هەزاریشیان لە کەمپی ئەزرەق دەژین کە ئەوەش دەکاتە 17%ی کۆی پەنابەرانی سووریا لە ئوردن، ئەو پەنابەرانە لەدوای شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 پەنایان بۆ ئەو وڵاتە بردووە.