بەشێک لە لوبنانییەکان حیزبوڵڵا بە بەرپرس لە تێکچوونی دۆخی وڵاتەکە دەزانن

16-10-2021
لهۆن نەسرەدین
حیزبوڵڵای لوبنان بە تەرم و تابوتی کوژراوەکانی لە نێوەڕاستی بەیرووت نمایشێکی ئەنجامدا. وێنە: AFP
حیزبوڵڵای لوبنان بە تەرم و تابوتی کوژراوەکانی لە نێوەڕاستی بەیرووت نمایشێکی ئەنجامدا. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێکدادانە چەکدارییەکەی نێوان لایەنگرانی حیزبوڵڵای لوبنان و چەکدارانی هێزە لوبنانییەکان لە بەیرووت کۆتاییهاتووە؛بەڵام دەرهاویشتەکانی بەردەوامن و بەشێک لە خەڵکی ئەو وڵاتەش حیزبوڵڵای لوبنان بە بەرپرس لە تێکچوونی دۆخی لوبنان ناودەبەن. 
 
یوسف دیاب، شرۆڤەکاری سیاسییە و دەڵێت، "ناکرێت بەرپرسیارییەتیی بارودۆخەکە بخرێتە ئەستۆی هەموو لایەنەکان؛ بەرپرسیاری سەرەکی ئەو لایەنەیە کە وڵاتی گەیاندە ئەم رۆژە؛ ئەو لایەنەی کە بژارەیەکی قورسی خستووەتە بەردەم وڵات، یان ئەوەتا دادوەر بەیتار دەبێت لابدرێت یان ئەوەتا دەبێت لوبنان لەنێوبچێت، ئێمە هێشتا لەبەردەم ئەو دوو هاوکێشە مەترسیدارەداین."
 
حیزبوڵڵای لوبنان بە تەرم و تابوتی کوژراوەکانی لە نێوەڕاستی بەیرووت نمایشێکی ئەنجامدا؛ تێیدا ئاڵا و چەکی حیزبوڵڵا و هێز و زۆریی ژمارەی لایەنگرانی خستەبەردەم لوبنانییەکانی دیکە لە سوننە و کریستیانەکان.
 
یوسف دیاب باس لەوەش دەکات کە "دوێنێ حیزبوڵڵا ویستی پەیامێك ئاراستەی لوبنانییەکان بکات کە بڵێت گۆڕەپان لە دەستی ئەودایە، دەبێت حکومەتی لوبنان ملکەچی ئەو بێت و دادوەر بەیتار لە پۆستەکەی دووربخاتەوە. ئەگەر بارودۆخ بەمجۆرە بەردەوام بێت، لوبنان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەراوێز دەخرێت."
 
14 مانگە دادوەر بەیتار سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە پەڕاوی تەقینەوەکانی ئابی 2020ـی بەندەری بەیرووت؛ سێ جار لەژێر گوشاری لایەنە شیعەکان بەتایبەتی حیزبوڵڵا، لێکۆڵینەوەکان وەستێندراون.
 
شەقامی لوبنانی هێندە لە سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوخۆیی ترساوە، بیر لە بەیتار و ئەو کەیسەی کاری لەسەر دەکات، ناکاتەوە.
بەشی زۆری خەڵک لە خەمی دابینکردنی بژێوی سات بە ساتی رۆژانەیدایە.
 
دانی، دانیشتووی بەیرووتە و کریستیانە، دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە شتێكی مەترسیدارە، پێکدادانەکان دیمەنی شەڕی نێوخۆیی زیندووکردنەوە، هیوادارین بارودۆخ باش بێت، نە ئێمەی کریستیان و نە ئەوانی شیعەش هێز و توانا و تاقەتی شەڕکردنمان نییە، ئێمە ئێستا بەم  هەڵکشان و داکشانەی دۆلار و دابینکردنی بژێوی ژیانمانەوە سەرقاڵین."
 
حکومەتی نوێی لوبنان بەڵێنی ئەنجامدانی چاکسازی و سیستمێکی سەربەخۆی دادوەری داوە؛ بەڵام لەژێر حکومەت و سوپای سێبەری حیزبوڵڵادا، گەیاندنی لوبنانێكی دابەشبووی بە کەناری ئارامی سیاسی و ئابووری، کارێكی ئەستەمە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە