حەج و عومرە: رێگە نادەین هیچ هاونیشتمانییەک بە وشکانیدا گەشتی عومرە بکات

رووداو - هەولێر

زیاتر لە هەفتەیەکە لە پارێزگاکانی عێراقەوە گەشتکردنی عومرەکاران بە رێگەی وشکانی راگەیێندراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە، ئەوان جگە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی رێگە بەهیچ گەشتێکی عومرە بدەن.
 
رۆژی هەینی 16-9-2022، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە رێگە نادەین هیچ کۆمپانیایەک بە گەشتی وشکانی هاونیشتمانیان ببات بۆ عومرە؛ پارەکەش هێندە جیاوازی نییە کە ژیانی هاونیشتمانییان بخرێتە مەترسییەوە".
 
کۆمپانیاکانی حەج و عومرە لە عێراق گەشتی عومرەکاران لەڕێگەی وشکانییەوە بۆ سعودیە بە نزیکەی 500 دۆلار جێبەجێ دەکەن؛ لە هەرێمی کوردستان گەشتەکان لە 720 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە 1000 دۆلار، ئەویش بەگوێرەی جیاوازیی خزمەتگوزارییەکان.
 
هەندێک کۆمپانیای حەج و عومرە لە شاری کەرکووک ئامادەییان دەربڕیوە بە رێگەی وشکانی عومرەکاران بگەیێننە سعودیە، بەڵام کاروان ستوونی دەڵێ: "ئەو کۆمپانیایانەی کەرکووک کە مۆڵەتی هەرێمی کوردستانیان هەیە، قسەمان لەگەڵ کردوون و جەختمان کردووەتەوە کە تەنیا دەتوانن لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە گەشت رێکبخەن".
 
لەبارەی هۆکاری رێگرییەکانیانەوە، کاروان ستوونی گوتی: "دەبێت زیاتر لە دوو رۆژ لە رێگەدابن؛ بە بیاباندا دەڕۆن؛ ژیانیان پارێزراو نییە".
 
نزیکەی 150 کۆمپانیای حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردنیان هەیە. کاروان ستوونی گوتی، بەهۆی ئاسانکارییەکانەوە کێبڕکێی زۆر دروستبووە و کۆمپانیا هەیە کە بە قیست عومرەکار دەباتە سعودیە.