ئیسرائیل: پێشبینی دەکەین هاوپەیمانەکانمان لە هێرشکردنە سەر ئێراندا یارمەتیمان بدەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی، پێشبینی دەکەن هاوپەیمانەکانیان لە هێرشکردنە سەر ئێراندا یارمەتیدەر بن. ئەمریکاش دەڵێت، ئامادەن بەرگری لە ئیسرائیل بکەن.
 
رۆژی هەینی 16-08-2024 یسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پێشوازی لە وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و فەرەنسا کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە. کاتز لەگەڵ دەیڤد لامی و ستێفان سیژۆرنی کە لە ئۆرشەلیم/قودس چاویان بەیەک کەوت، گوتی، "ئەگەر ئێران هێرشی کرد، ئێمەش پێشبینی دەکەین هاوپەیمانەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل نەوەک تەنیا بەرگری بکەن، بەڵکو هێرشیش بکەنە سەر چەند ئامانجێکی گرنگی ئێران". 
 
دوای کوژرانی فوئاد شوکر، کەسی دووەمی حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیرووت و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو، ئێران و هاوپەیمانەکانی بەڵێنیان داوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.
 
ستێفان سیژۆرنی، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە هاوتا ئیسرائیلییەکەی گوت، "تاوەکو دیپلۆماسییەت هەبێت، گونجاو نییە هێرش بکرێت. بەردەوام کاردەکەین بۆ ئەوەی رێگە لە هێرشی ئێران بگرین".
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکاش دڵنیایی دەداتە ئیسرائیل کە حکومەتی وڵاتەکەی پاڵپشتی تەواو لە تەلئەڤیڤ دەکات. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لۆید ئۆستن بە تەلەفۆن پەیوەندی بە یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوە کردووە و پێی راگەیاندووە، "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی پلانی هێرشی ئێران و گرووپە پاشکۆکانی بۆسەر ئیسرائیل. ئەمریکا هێزی خۆی لە سەرتاسەری ناوچەکە زیاتر کردووە و ئامادەیە بەرگری لە ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکا بکات".
 
سەردانەکەی لامی و سیژۆرنی لەکاتێکدایە، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ئەمریکا، قەتەر، میسر و ئیسرائیل لە دەوحە خەریکی دانوستاندن بوون بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بۆ جەنگی غەززە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە