حەماس مەرجە نوێیەکانی ئاگربەست رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی رایگەیاند، ئەو "مەرجە نوێیانە" رەتدەکەنەوە کە ئیسرائیل بۆ رێککەوتنی ئاگربەست لەم دوو رۆژەدا لە دەوحە پێشکێشی کردوون. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش داوا لە نێوەندگیرەکان دەکات گوشار لە حەماس بکەن بۆ ئەوەی بە رێککەوتنەکە رازیبێت.
 
بەرپرسێکی حەماس بە ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسی راگەیاندووە، یەکێک لە مەرجە نوێیەکانی ئیسرائیل بریتییە لە هێشتنەوەی سەربازانی ئیسرائیلی لە نێو غەززە بە درێژایی سنووری میسر، لە کاتێکدا حەماس داوای کردووە سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە کەرتە فەلەستینییەکە بکشێتەوە، ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و بەندکراوە فەلستینییەکانیش لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان سەربەستبکرێن. 
 
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئیسرائیل لە دەوحە، داوایکردووە مافی ڤیتۆکردنی ئازادکردنی هەندێ بەندکراوی فەلەستینی هەبێت، هەروەها بتوانێت هەندێ لە بەندکراوە فەلەستینییەکان دیپۆرتی شوێنەکانی دیکە بکات، نەک غەززە. 
 
هاوکات بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "ئیسرائیل هیواخوازە کە گوشاری نێوەندگیرەکان وا لە حەماس بکات بنەماکانی ئەو پێشنیازە رازیبێت کە 27ی ئایار" لە لایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە خرانەڕوو.
 
 پێشنیازەکەی بایدن لە سێ قۆناخ پێکدێت و بە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی دەستپێدەکات، کە لەو ماوەیەدا هێزەکانی ئیسرائیل لەو شوێنانەی غەززە دەکشێنەوە کە خەڵکی غەززەی لێیە. هەر لەو ماوەیەدا، ناردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە زیاتر دەکرێت و حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی لایەنەکانی دیکە، درێژە بە دانوستاندن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی دەدەن. 
 
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش هەر ئەمڕۆ هەینی، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ لۆید ئۆستنی هاوتا ئەمریکییەکەی کرد و جەختی لە گرنگیی دانوستاندنەکان بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانە کردەوە کە حەماس و چەکدارانی دیکەی فەلەستینی لە 7ی تشرینی یەکەمی پار دەستگیریکردن. 
 
نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، گالانت "باسی لەوە کرد کە بەدەستهێنانی ئەم رێککەوتنە ئەرکێکی رەوشتبەرزانە و پێداویستییەکەی ستراتیجی و ئەمنییە."
 
چەکدارانی فەلەستینی لە 7ی تشرینی یەکەم، 251 کەسیان لە ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە بە بارمتە گرتن. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، هێشتا 72یان بە زیندوویی لەوێ ماون و 39ی دیکەشیان گیانیان لەدەستداوە. 
 
هێرشی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە بووەتە هۆی کورژانی لانیکەم 40 هەزار و 5 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەمە وەک تەندروستیی کەرتەکە باسی دەکات. 
 
رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، نێوەندگیرانی ئەمریکی، میسری و قەتەری لە دەوحە بە ئامادەبوونی شاندی ئیسرائیل و بێ حەماس گفتوگۆی ئاگربەستیان کرد. 
بەرپرسانی میسری و قەتەری نوێنەرایەتیی حەماسیان کرد. 
 
رۆژی هەینی سێ وڵاتە نێوەندگیرەکە، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دانوستاندنەکانیان بە "جیدی و بونیادنەر" ناوبردن و باسیان لەوە کرد کە پێش کۆتایی هەفتەی داهاتوو، جارێکی دیکە لە قاهیرە کۆدەبنەوە.