کوڕە گەورەکەی هەنییە: باوکم لە رێگەی مووشەکێکەوە کرایە ئامانج کە بە مۆبایلەکەیەوە پەیوەستکرابوو

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ  

کوڕە گەورەکەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی دەڵێت، باوکی بە مووشکێکی پەیوەست بە مۆبایلەکەیەوە کوژراوە. دەشڵێت، بڕیاری تیرۆرکردنی باوکی سێ مانگ لەمەوبەر دراوە
 
عەبدولسەلام، کوڕی گەورەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی کە رۆژی 31ـی مانگی رابردوو لە تاران لە دوای ئامادەبوونی لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆمەڵگەی میوانداری کوژرا، لە دوو هەڤپەیڤین بۆ کەناڵەکانی سەما قودس و عەرەبییە، زانیاریی نوێ لەبارەی کوژرانی باوکی ئاشکرا دەکات.
 
عەبدولسەلام دەڵێت: "باوکم بە مووشەکێکی ئاراستەکراو کە بە مۆبایلەکەیەوە پەیوەستکرابوو شەهیدکرا، کاژێر 10:15ـشەو مۆبایلەکەی بەکارهێناوە، بەڵام دواتر لە نزیک سەرییەوە داینابوو و مووشەکەکە راستەوخۆ کردیە ئامانج."
 
کوڕەکەی ئیسماعیل هەنییە رەتیدەکاتەوە باوکی بە بۆمبی چێندراو کوژرابێت و دەڵێت: "پاسەوانی کەسی و راوێژکاری دیکە لە نزیک ژوورەکەی باوکمەوە بە چەند مەترێکەوە لێی دووربوون، ئەگەر بۆمبی چێندراو هەبووایە ئەوا شوێنەکە بەتەواوەتی دەتەقییەوە."
 
بە گوتەی ئەو، مۆبایلەکەی باوکی کردە ئامانجێکی ئاسان، دەشڵێت: "باوکم بۆ ئاهەنگێکی فەرمی بانگهێشتکرابوو و مۆبایلەکەی پێبوو، بۆیە کردەوەکە تەواو ئاڵۆز بوو."
 
ئێران وای بڵاوکردەوە مووشێکی نزیک مەودا کە نزیکەی 7 کیلۆگرام تەقەمەنیی هەڵگرتووە لە دەرەوە ئاراستەی شوێنی حەوانەوەی ئیسماعیل هەنییە لە کۆشکێکی تاران کراوە.
 
عەبدولسەلام دەڵێت: "ئێمە هەستمان بە هەوڵی تیرۆرکردنی کردبوو، بەڵام شۆکی تیرۆرکردنەکە لە شوێنی تیرۆرکردنەکە بوو، شوێن و کاتی تیرۆرکردنەکە، ئێمە لەساڵی 2001ـەوە دەمانزانی تیرۆر دەکرێت، بەڵام لەساڵی 2019 کە حاجی چوو بۆ دەرەوە گوتمان دۆخەکە لە دەرەوە وەکو ناوەوەی فەلەستین نابێت، چونکە کردنە ئامانج لەدەرەوە کردنە ئامانجی رێگەی نەرم دەبێت، ژەهرخواردکردن بێت بە نموونە، بەڵام بۆردوومان بکرێت، ئەمە نا، نزیکەی سێ مانگ پێش تیرۆرکردنەکە شتەکان گۆڕان."
 
باسی زانیاریی پێشوەختەش لەبارەی کوشتنی باوکییەوە دەکات و دەڵێت: "ئاماژە و زانیارییش لەبارەی تیرۆرکردنەکەوە هەبوون، واتە بڕیاری تیرۆرکردنی حاجی هەبوو، لێشت ناشارمەوە ئێمە جارێک پێش ماوەیەک هاتین بۆ ئێرە بۆ تورکیا، لە تورکیا زانیاریی هەبوو، بۆیە پاسەوانێتیان چڕ و زیاد کرد." دەشڵێت: "تەنانەت لە دەروازەی ئەو شوێنەشی تێیدا دەمایەوە تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی و خەڵک هەبوون، ئەمەش زەحمەتی بۆ خەڵک دروستکردبوو، بۆیە سەردانەکەی کە بۆ ماوەی 15 رۆژێک بوو، بۆ 8، 9 رۆژ کورت کردەوە، ئەو کە رێککارەکانی بینی هەستیکرد بووەتە بارگرانی."
 
عەبدولسەلام ئاماژە بەوەدەکات، ئەوان پێشبنیان کردبوو باوکیان لە شوێنێکی دیکە بکرێتە ئامانج نەک تاران. ئەو دەڵێت: "ئێمە پێشبینیمان کرد لە قەتەر ماڵەکەمان بۆردوومان بکرێت، ئەم ترسەمان هەبوو."
 
درۆنەکەی شەوی 19ـی تەمموزی حوسییەکان بۆ سەر تەلئەڤیڤ و کردنە ئامانجی باڵەخانەیەک لەو شارە، چی پەیوەندیی بە کوژرانی ئیسماعیل هەنییەوە هەبووە؟ عەبدولسەلامی کوڕی دەڵێت: "ئەو کاتە من لە تورکیا بووم، هەستمکرد لە وەڵامی ئەو هێرشەدا حاجی تیرۆر دەکرێت، لەگەڵ حاجی قسەم کرد، پێمگوت، پێموایە ئیسرائیل هێڵی سوور دەبەزێنێت، گوتم ئەوە هەستی منە، گوتی باوکە شەهیدبوون بەخێربێت، ئێمە باشترین کۆتاییمان شەهادەتە، دەتەوێت چەندی دیکە بژیم کوڕم، من تەمەنم 62 ساڵە، دەتەوێت پێنج بۆ شەش ساڵێکی دیکە بژییم؟، یان دەتەوێت دوای ئەو هەموو تەمەنە، باوکت بە جەڵتە یان بە شێرپەنجە یان شەکرە یان پەسەتان یان بە شتی دیکە بمرێت."
 
عەبدولسەلام دەڵێت، دوای هێرشی حوسییەکان بۆ تەلئەڤیڤ، تەنانەت بە دەوروبەرەکەشی گوتووە، باوکی "شەهید" دەبێت و "رۆژێک دوای هێرشەکە بەو برایانەی لەلایان دەمامەوە گوتم حاجی شەهید دەبێت، چونکە ئیسرائیل وەڵامی ئەو هێرشە دەداتەوە، سوبحانەڵڵا کاژیر 5:30 بۆ 06:00 سبەینێ لە دەرگایان دا، برایەک هات و گوتی باوکت بە سەختی بریندار بوو، گوتم نا باوکم شەهید بووە، دوای پێنج خولەک خالید مەشعەل  و برایان هاتن و دایکم دەیگوت چی هەیە، گوتم دایکە باوکم شەهید بوو، رەحمەتمان بۆ نارد و سەری دایکمم ماچکرد و دڵنەواییم دایەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی رێکخراوەکانی فریاگوزاری لەنێو داروپەردووی رووخاوی غەززەدا. وێنە: Reuters

ئەمریکا، قەتەر و میسر: هەفتەی داهاتوو گفتوگۆی ئاگربەستی غەززە دەستپێدەکاتەوە

ئەمریکا، میسر و قەتەر لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، هەفتەی داهاتوو لە قاهیرە گفتوگۆی ئاگربەستی غەززە بەردەوام دەبێت، دوای ئەوەی ئەمریکا لە دەوحە "پێشنیازێکی لێکنزیککەرەوە"ی پێشکێش بە حەماس و ئیسرائیل کرد بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە تەواو بکرێت.