تەندروستیی غەززە: گیانلەدەستدان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتە 40 هەزار کەس

 
رووداو دیجیتاڵ 

خوێناویترین جەنگی غەززە 10 مانگ لەمەوبەر هەڵگیرسا و دانیشتووانی غەززە باجێکی قورسی ئەم جەنگەیان داوە. چەند ژمارە و ئامارێک لەسەر ئەو جەنگە بزانە. 
 
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لە 07-10-2023ـەوە تاوەکو ئێستا، لانیکەم 40 هەزار کەس لە غەززە کوژراون. سەرەتای جەنگەکە لەوە دەستیپێکرد کاتێک چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس، لە بەیانییەکی زوودا هێرشیان کردە سەر چەند ئۆردووگایەکی جوونشینی ئیسرائیل.
 
بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماس دا لانیکەم هەزار و 198 ئیسرائیلی و بیانی کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون. 
 
تاوەکو ئێستا حەماس باسی ئەوەی نەکردووە چەند چەکداریان کوژراوە، بەڵام رۆژی پێنجشەممە، 15-08-2024، دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 17 هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە.
 
لە لێدوانێکی پێشوودا لە 16-07-2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 14 هەزار چەکداریان کوشتووە کە 176ـیان فەرماندە بوونە. 
 
بەپێی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی توێژینەوە ستراتیژییەکان کە بارەگای سەرەکی لە لەندەنە، کەتیبەکانی عزەدین قەسام کە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسە، 15 بۆ 20 هەزار چەکداریان هەیە.
 
لەلایەکی دیکە، پەیمانگەی توێژینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاندبوو: "ئەوان 15 هەزار چەکداریان هەیە، بەڵام میدیای عەرەبی باس لە 40 هەزار چەکدار دەکات."
 
زیانەکانی ئیسرائیل
 
لە یەکەم رۆژی هێرشەکە و دوو رۆژی چڕی شەڕی دواتر، لانیکەم سێیەکی ئەوانەی کوژران لە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بوون لەوانەش؛ 306 سەرباز، 60 پۆلیس و 10 ئەندامی هەواڵگریی شین بێتی ئیسرائیلی. 79 لەوانەی کوژران کرێکاری تایلاندی بوون. 
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەوەتەی جەنگ دەستیپێکردووە و لە ماوەی 10 مانگدا، 690 سەرباز کوژراون، 20 سەربازیان بە گوللـەی سەربازانی ئیسرائیل [بە هەڵە] لە پشتەوە لێیاندراوە و کوژراون. هەروەها "330 سەرباز لە ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون کە لە 27-10-2023 دەستیان پێکرد."
 
هەر بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە ئەنجامی تووندوتیژییەکانی کەرتی رۆژئاوا، 18 سەرباز و سڤیلی ئیسرائیلی کوژراون. هەرچی لە باکووری ئیسرائیلە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانی، 26 سڤیل و 22 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون.
 
لە یەکەم رۆژی هێرشەکەدا، ئیسرائیل دەڵێت: حەماس 251 کەسی بە بارمتە گرت، ئێستا و دوای 10 مانگ، "111 بارمتە لە دەستی حەماسن، 39 بارمتە کوژراون و تەرمی 24 بارمتە وەرگیراونەتەوە."
 
لە 24-11-2023 بۆ ماوەی هەفتەیەک ئاگربەست راگەیێندرا و ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراو رێککەوتن. لەو ئاڵوگۆڕەدا، 105 بارمتە و 240 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکران. 
 
لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، سوپای ئیسرائیل 300 هەزار سەربازی یەدەگی بۆ جەنگ بانگکردووەتەوە کە 17٪ـیان ژنن.
 
زیانەکانی فەڵەستین
 
جگە لەو 40 هەزار کەسەی کە تەندروستیی کەرتەکە دەڵێت، زۆربەیان ژن و منداڵن؛ لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بەهۆی هێرشی جووە هاوردەکان و سەربازانی ئیسرائیلەوە، 632 فەلەستینی کوژراون.
 
بەگوێرەی ئامارێکی سوپای ئیسرائیل کە لە 16-07-2024 بڵاوکراوەتەوە، 37 هەزار شوێن لە ئاسمانەوە کراونەتە ئامانج؛ هەروەها "25 هەزار ژێرخانی تیرۆریستی و سەکۆی هەڵدان بۆردوومان کراون."
 
لوبنان و سووریا
 
هەر لە دەستپێکی جەنگەکە، شەڕ سنوورەکانی لوبنان و سووریاشی گرتەوە. تاوەکو ئێستا 570 کەس لە لوبنان کوژراون کە 452 چەکداری حیزبوڵڵای لوبنانین و لانیکەم 118ـیان سڤیلن. بەپێی راگەیاندنی حیزبوڵڵا بێت، 370 چەکداریان کوژراوە.
 
هەرچی لەبارەی سووریاوەیە، ئیسرائیل چەند جارێک چەند شوێنێکی ئەو وڵاتەی بۆردوومان کردووە و لە ئەنجامدا 25 چەکداری حیزبوڵڵا و حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژراون.
 
هەفتەی رابردوو، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەوکاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە لانیکەم 7.500 مووشەک لە لوبنانەوە ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کراوە.