وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: پشتگیری لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا ناکەین

16-07-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دا دەڵێت، واشنتن بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاسایی ناکاتەوە، ئەگەر هەنگاوی جیدیی حکومەتی سووریا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانە 13 ساڵەکەی ئەو وڵاتە نەبێت.  
 
رۆژی سێشەممە، 16-7-2024، گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی ئیمەیڵەوە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا و سووریا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دایەوە و رایگەیاند، واشنتن پشتگیری لەو هەوڵانە ناکات و لە رابردووشدا ئەو هەوڵانە هەبوون و هیچ ئەنجامێکیان نەبووە. 
 
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "ئێمە ئەو هەواڵانەمان بینیون تایبەت بە هەوڵەکانی تورکیا و سووریا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان هەن. ئەمریکا پشتگیری لەو هەوڵانە ناکات."
 
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێمی ئەسەد ئاسایی ناکەینەوە، لەو کاتەی پێشڤەچوونێکی راستەقینە بەرەو چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەو قەیرانە نەبێت". گوتیشی، "هەر وڵاتێک پەیوەندیی لەگەڵ رژێمی سووریا هەبێت، داوامان کردووە ئەو پەیوەندییە بەکاربێنێت بۆ باشترکردنی دۆخی مرۆیی، مافەکانی مرۆڤ و دۆخی ئەمنیی سوورییەکان و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی پڕۆژە بڕیاری ژمارە 4456ی نەتەوە یەکگرتووەکان." 
 
چەند هەفتەیەکە بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، ئامانجیانە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ئاسایی بکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆککۆماری تورکیا وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە