دەیان حاجی بەهۆی گەرما و نەخۆشییەوە لە سعودیە گیان لەدەستدەدەن

16-06-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەم ساڵ لە کاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجدا 6 هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، ئەوە بە گوتەی کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو. 
 
ئەو حاجییانەی گیانیان لەدەستداوە ناسنامەکەیان بەم جۆرەیە: 
 
- زینەت رەشید قادر 
- رازیە عەلی
- ئاسیا عەلی
- حەمە حەسەن عەبدوڵڵا
- هەمین قادر
- ئەحمەد باڵەکی
 
14 حاجیی خەڵکی ئوردن گیانیان لەدەستداوە
 
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئوردن گیانلەدەستدانی 14 حاجیی وڵاتەکەی لە کاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج راگەیاند.
 
وەزارەتەکە رۆژی یەکشەممە، 16-6-2024 بڵاویکردەوە، لە رۆژانی رابردوودا 14 حاجیی خەڵکی ئوردن لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە و 17ی دیکەش بێ سەروشوێنن.
 
کۆنسوڵخانەی ئوردن لە شاری جەدە هۆکاری گیانلەدەستدانی حاجییەکانی خەڵکی وڵاتەکەی بۆ بەرزیی پلەی گەرما گەڕاندەوە و گوتی، مردووان کەسانی بەتەمەن و نەخۆش بوون و بەرگەی پلەی گەرمای بەرزییان نەگرتووە.
 
کۆنسوڵخانەی ئوردن لە جەدە ئاماژەی بەوە کردووە، هاوئاهەنگی لەگەڵ سعودیە دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەوانەی کەسوکاریان دەیانەوێت بیانگەڕێننەوە ئوردن؛ باسی لەوەش کردووە کە گەڕان بۆ بێسەروشوێنبوان دەستی پێکردووە.
 
بە بڕیاری وەزارەتی حەجی سعودیە، هەر کەسێك لە کاتی حەجدا گیان لەدەستبدات، دوای وەرگرتنی رەزامەندی کەسوکارەکەی لە سعودیە بەخاک دەسپێردرێت، بە پێچەوانەوە تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.
 
پێنج هاووڵاتیی ئێرانی گیانیان لەدەستداوە 
 
هاوکات، سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێرانی گیانلەدەستدانی پێنج حاجیی خەڵکی وڵاتەکەی راگەیاند.
 
پیرحوسێن کولیڤەند، سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێرانی ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند: " 5 حاجیی ئێرانی لە سعودیە و لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان گیانیان لە دەستداوە"، بێ ئەوەی  ئاماژە بە هۆکاری  گیانلەدەستدانیان بکات.
 
ئەم ساڵ 87 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونەتە سعودیە. 
 
گیانلەدەستدانی حاجییانی خەڵکی میسر، مەغریب و توونس 
 
هاوکات، وەزارەتی حەج و عومرەی میسر گیانلەدەستدانی 9 حاجی راگەیاند.
 
وەزارەتەکە ئەمڕۆ یەکشەممە ئاماژەی بەوە کرد، لە رۆژانی رابردوودا 9 حاجیی خەڵکی میسر لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە و هۆکارەکەشی بۆ "خۆربردن و هیلاکی لەرادەبەدەر" گەڕاندەوە.
 
کۆنسوڵی گشتی مەغریبیش لە شاری جیدەی سعودیە رایگەیاند: "گەرما و شێ هۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدانی پێنج حاجیی وڵاتن"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، تەندرووستی بەشێک لە حاجییان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکێكی وەک حەج لەو پلە گەرمییەدا گونجاو نەبووە.
 
روانگەی توونس بۆ مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت: "لە حەجی ئەم ساڵدا 5 تونسی گیانیان لەدەستداوە؛ سیانیان لە یەک خێزان بوون".
 
بە گوێرەی روانگەی توونس بۆ مافەکانی مرۆڤ، هەر پێنج کەسەکە لە کێوی عەرەفە گیانیان لەدەستداوە و هۆکارەکەشی بۆ شێ و گەرمای بەرز گەڕاندەوە.
 
ئەم ساڵ یەک ملیۆن و 600 هەزار کەس لە دەرەوە بۆ حەج چوونەتە سعودیە و یەک ملیۆن و 800 کەسیش لەنێوخۆی وڵاتەکەوە چوونەتە مەککە بۆ هەمان مەبەست.

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە