ئەم ساڵ شەش حاجیی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە مەککە گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم ساڵ شەش حاجی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە مەککە کۆچی دواییان کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "لە 20ـی حوزەیرانەوە ئەو حاجییانەی لە رێگەی وشکانییەوە چوونەتە حەج، بەپێی خشتەیەکی تایبەت دەگەڕێندرێنەوە".
 
رۆژی یەکشەممە 16-6-2024  کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ شەش حاجی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گیانیان لەدەستداوە کە سەرجەمیان لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا کۆچی دواییان کردووە".
 
ئەو حاجییانەی لە مەککە گیانیان لەدەستداوە:
 
- زینەت رەشید قادر 
- رازیە عەلی
- ئاسیا عەلی
- حەمە حەسەن عەبدوڵڵا
- هەمین قادر
- ئەحمەد باڵەکی
 
لەبارەی کاتی گەڕانەوەی کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان، کاروان ستوونی رایگەیاند: "گەڕانەوەیان بەپێی خشتەیەکی تایبەت دەبێت و لە 20ـی ئەم مانگەوە دەست بە گەڕاندنەوەی ئەو حاجییانە دەکرێت کە لە رێگەی وشکانییەوە رۆیشتوون".
 
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج. جیا لەو ژمارەیە، کۆمەڵێک هاونیشتمانی بە "ڤیزەی یەک ساڵی" بە هەمان ئامانج چوونەتە سعودیە، بەڵام ژمارەیان نازاندرێت.