سێ حاجیی کورد لە مەککە لە کەسوکاریان دابڕاون

رووداو دیجیتاڵ 

سێ حاجیی تەمەن 84 ساڵ و 70 و 61 ساڵ لە مەککە لە کەسوکاریان دابڕاون.
 
رۆژی یەکشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2024، فوئاد حەمید، کوڕی یەکێک لەو حاجییانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "باوکم و برایەکەم پێکەوە چوونەتە حەج و ئێوارەی رۆژی هەینی براکەم لە کێوی عەرەفە تەندروستی تێکچووە و بەو جۆرەش لە باوکم دابڕاوە".
 
ئەو حاجییە ناوی حەمید کەریم ئەحمەدە و لەدایکبووی ساڵی 1940ـە. کوڕەکەی دەڵێت: "لەوکاتەوە باوکم نەگەڕاوەتەوە هۆتێلەکەی و هیچ هەواڵێکی وردمان لەبارەی نییە".
 
بە گوتەی فوئاد حەمید، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە و گوتی: "هەندێک لە حاجییە کوردەکان بە براکەمیان گوتووە لە مزگەوت بینیویانە نوێژی کردووە، بەڵام هەموو کەس بەدوایدا دەگەڕێت و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە".
 
هاوکات حاجییەکی دیکەی تەمەن 70 ساڵان بەناوی عەبدوڵڵا ناسر حەسەن سوورچی کە بە ڤیزەی گەشتیاریی چووەتە حەج، دوێنێ لە کێوی عەرەفە لە هاوژینەکەی دابڕاوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
 
بەختیار خالید، خوشکەزای ئەو حاجییە ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت: "خاڵم لەگەڵ هاوژینەکەی و براژنێکی بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە سعودیە بۆ حەج و پێرێ لە چیای عەرەفە هەرسێکیان لە هۆش خۆیان چوون".
 
بەختیار خالید دەڵێت: "دوای لەهۆشخۆچوونەکە، براژنی خاڵۆژنەکەم کە ناوی جەمیلە یونسە، گیانلەدەستدەدات؛ کاتێکیش خاڵۆژنم بەهۆش خۆی هاتووەتەوە، دەبینێ هاوژینەکەی دیار نییە، لەو کاتەوە بێ سەروشوێنە".
 
جگە لەوەش، حاجییەکی دیکە بە ناوی ئومیلە جومعە، تەمەن61 ساڵ سێ رۆژە بێسەروشوێن بووە. 
 
هاوکات، ژنێکی دیکە بە ناوی رووناک مەعرووف قادر کە لەگەڵ رەشۆ ئەحمەدی هاژینی چووەتە حەج و ئەمڕۆ لە گیانی لەدەستداوە.
 
فەرهاد عەلی، خوشکەزای رەشۆ ئەحمەدە و ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "خاڵۆژنم نەخۆشی شەکرە و پاڵەپەستۆی خوێنی هەیە و ئەم ئێوارەیە لە کێوی عەرەفە لەهۆش خۆی چووە و تا گەیاندوویانە بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە".
 
فەرهاد عەلی دەڵێت: "تاوەکو ئێستا تەرمەکەی لە نەخۆشخانەیە و دیار نییە لە مەککە بەخاک دەسپێردرێت یان دەیگەڕێننەوە کوردستان".