فەلەستین: بەداوای لێبووردنەوە پیرۆزبایی جەژن وەرناگرین

رووداو دیجیتاڵ

کۆنسووڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند وڵاتەکەی بەداوای لێبووردنەوە پیرۆزبایی جەژن وەرناگرێت و سەرۆکی فەلەستینیش داوا دەکات چالاکییەکانی جەژنی قوربان تەنیا بۆ بەجێگەیاندنی سرووتە ئایینییەکان بێت.
 
نەزمی حەزووری، کۆنسووڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "فەلەستین داوای لێبووردن دەکات لە وەرنەگرتنی جەژنە پیرۆزە بەهۆی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە."
 
ئەوە لەکاتێکدایە بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، مەحموود عەباس، سەرۆکی فەلەستین رایگەیاند "بەهۆی دۆخی زەحمەتی گەلەکەمان لەئەنجامی بەردەوامیی شەڕی قڕکردن کە لەلایەن هێزەکانی داگیرکەرەوە لە غەززە رووبەڕووی دەبێتەوە، لەگەڵ هێرشەکانی سەر کەناری رۆژئاوا لەنێویاندا قودس و پیرۆزییەکانی ئیسلامی و کریستیان، داوا دەکەین چالاکییەکانی جەژنی پیرۆزی قوربان تەنیا بەجێگەیاندنی سرووتەکانی ئایینی بێت."
 
جگە لە نزاکردن بۆ گیانی کوژراوەکانی فەلەستین "بۆ ئەوەی بەهەشت جێگەیان بێت،" سەرۆکی فەلەستین ئومێدی زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان و ئازادکردنی خێرای گرتووەکانی خواست.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەحموود عەباس ئومێدی خواست جەژنی داهاتوو ئازادی و سەربەخۆیی بۆ گەلی فەلەستین بەدی بێت و دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنێت و پایتەختەکەی قودس بێت و سەرجەم ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
 
 زیاتر لە هەشت مانگ دەبێت شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بەردەوامە، لەو نێوەندەدا زیاتر لە 160 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون و برینداربوون، شەڕەکە لەدوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە دەستیپێکرد.
 
دوای زیاتر لە نۆ مانگ لە جەنگ، ئەمڕۆ یەکشەممە ئیسرائیل رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکانی لە باشووری غەززە بەشێوەیەکی کاتی رادەگرێت.