ئامارەکانی حەج بڵاوکرانەوە؛ وڵاتانی ئاسیا زۆرترین حاجییان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی گشتیی ئاماری سعودیە رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی ئەم ساڵ "ساڵی 1445ی کۆچی،" حەج دەکەن، یەک ملیۆن و 833 هەزار کەس دەبن، زیاتر لە یەک ملیۆن و 611 هەزاریان لە دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بۆ بەجێگەیاندنی ئەو فەریزەیە چوونەتە سعودیە.
 
دەستەی گشتیی ئاماری شانشینی عەرەبیی سعودیە رایگەیاند، "کۆی گشتیی حاجییانی ئەم ساڵ دەگاتە یەک ملیۆن و 833 هەزار و 146 کەس، لەنێویاندا یەک ملیۆن و 611 هەزار و 310 کەسیان لە دەرەوەی سعودیە و لە رێگەی ژمارەیەک دەروازەی جیاوازەوە رۆیشتوون، هەروەها 221 هەزار و 854 حاجیش لەنێو سعودیەن لەوانەی هاووڵاتیی ئەو وڵاتەن یان لەو وڵاتە دەمێننەوە."
 
بەپێی دەستەکە، لە کۆی حاجییەکان 958 هەزار و 137 کەسیان لە رەگەزی نێر و 875 هەزار و 27 کەسیان لە رەگەزی مێن، واتە 52.2% بە 47.7%.
 
دامەزراوەکەی سعودییە دابەشبوونی حاجییەکانیشی بەپێی وڵاتان و کیشوەرەکانیش روونکردووەتەوە، کە 22.3%یان لە وڵاتانی عەرەبی، 63.3% لە وڵاتانی کیشوەری ئاسیا بەبێ وڵاتانی عەرەبی، 11.3% لە وڵاتانی ئەفریقی بەبێ وڵاتانی عەرەبی بوون، لە کاتێکدا رێژەی حاجییانی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا و ئوسترالیا و وڵاتانی دیکە 3.2% بووە.
 
دەستەی ئاماری سعودیە، رێگەکانی چوونی حاجییانیش بۆ سعودیەی روونکردووەتەوە، بەپێی ئامارەکانی یەک ملیۆن و 546 هەزار و 345 کەسیان لە رێگەی ئاسمانی و 60 هەزار و 251 حاجیش لە رێگەی وشکانییەوە رۆیشتوون، تەنیا 4714 حاجی لە رێگەی دەروازەکانی ئاوییەوە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
 
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج. جیا لەو ژمارەیە، ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی بە "ڤیزەی یەک ساڵی" بە هەمان ئامانج چوونەتە سعودیە.