ئیسرائیل بە شێوەیەکی کاتی جەنگ لە باشووری غەززە رادەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بەشێوەیەکی کاتی، تاکتیکی، بۆ مەبەستی مرۆیی و تاوەکو کاتێکی نادیار جەنگ لە باشووری غەززە دەوەستێت.
رۆژی یەکشەممە، 16-06-2024 سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە: "بەشێوەیەکی تاکتیکی چالاکییە سەربازییەکانمان، بۆ مەبەستی مرۆیی، رادەگرین."
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هەموو رۆژ لە کاژێر 8:00ـی بەیانی تاوەکو 7:00ـی ئێوارە لە دەروازەی کەرەم شالۆم تاوەکو رێگەی سەرەکیی سەڵاحەدین دەوەستن. لەبارەی بەردەوامیی ئەو راگرتنە، سوپای ئیسرائیل دەڵێت بۆ ماوەیەکی نادیار دەبێت.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە مەبەستی ئەو راگرتنە بۆ ئەوەیە رێگەی ناردنی هاوکاری لە دەروازەی کەرەم شالۆم بکرێتەوە و هاوکارییەکان بە سەلامەتی بگەنە دەست خەڵک و پارچەکانی دیکەی غەززە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: لە نێوان 06ـی ئایار بۆ 06ـی حوزەیران، رۆژانە 68 بارهەڵگر چوونەتە نێو غەززە، لە کاتێکدا لە مانگی نیسان رۆژانە 168 بارهەڵگر بووە. کەرتی غەززە، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، "رۆژانە پێویستیی بە 500 بارهەڵگرە."
ئاژانسی (کۆگات)ـی ئیسرائیلی کە تایبەتە بە سەرپەرشتیکردنی دابەشکردنی هاوکاری لە غەززە دەڵێت: "لە نێوان 02ـی ئایار تاوەکو 13ـی حوزەیران، لانیکەم هەشت هەزار و 600 بارهەڵگر چوونەتە نێو غەززە کە رۆژانە یەکسانە بە 201 بارهەڵگری بازرگانی و هاوکاری."
جەنگی غەززە لە 07ـی ئۆکتۆبەری رابردوو دەستیپێکرد و ئێستا پێی ناوەتە مانگی نۆیەم. ئیسرائیل دەڵێت ئەو رۆژە هەزار و 194 کەس کوژران و زیاتر لە 250 کەس بە بارمتە گیران.
تەندروستیی غەززەش دەڵێت، زیاتر لە 37 هەزار و 296 کەس کوژراون و زیاتر لە 85 هەزار و 197 کەسیش برینداربوون.