دادگەیەکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری زیندانیکردنی تاهەتایی بۆ دوو ئەندامی حیزبوڵڵا دەرکرد


رووداو - هەولێر

دادگەیەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری زیندانیکردنی تاهەتایی بۆ دوو ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنانی دەرکرد و رایگەیاندووە، ئەو دوو ئەندامەی حیزبوڵڵا دەستیان لە تەقینەوەکەی شوباتی 2005ـی لوبنان هەبووە کە تێیدا رەفیق حەریری، سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان کوژرا.
 
رۆژی پێنجشەممە 16-6-2022، دادگەیەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، حەبیب مەرحی و حوسێن عونەیسی دوو ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنانی وەکو بەشداربووی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی ساڵی 2005ـی بەیرووت دیاریکرد. لەو تەقینەوەیەدا 21 هاووڵاتی مردن و 226 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
دادگەکە لە دوای لێکۆڵینەوەکانی ئەوەی سەلماندووە، حەبیب و حوسێن ڤیدیۆیەکی دروستکراویان بڵاوکردووەتەوە کە گرووپێکی نادیار تیایدا بانگەشەی ئەوە دەکەن تەقینەوەکەیان ئەنجامدابێت. دادگەکە دەڵێت: ئەو دوو تاوانبارە بۆ شاردنەوەی ئەنجامدەرە راستەقینەکان کە خۆیانن، ئەو ڤیدیۆیەیان بڵاوکردووەتەوە. 
 
لە راگەیێندراوی دادگەکەدا هاتووە، ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنانی بە نهێنی پلانی تەقینەوەکەیان داناوە و بە مۆبایل زانیارییان لەگەڵ یەکتریدا گۆڕیوەتەوە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، هەرچەندە دادگە بڕیاری کۆتایی بۆ زیندانیکردنی تاهەتایی ئەو دوو تاوانبارە دەرکردووە، بەڵام حەسەن نەسروڵڵا، سەرکردەی حیزبوڵڵا ئامادە نییە هیچ کام لەو دوو ئەندامەی رادەستی دادگە بکات، بۆیە بڕیارەکەی دادگەیان بەسەردا جێبەجێناکرێت. 
 
لە 2020، دادگەیەکی هاوشێوە بڕیاری زیندانیکردنی تاهەتایی بۆ ئەندامێکی دیکەی ئەو حیزبە بە ناوی سەلیم ئاسایش دەرکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا رادەستی دادگە نەکراوە.
 
ئیڤانا هردلکۆڤا، دادوەری جێبەجێکاری دۆسیەکە دەڵێت، حوسێن و حەبیب ویستویانە رەفیق حەریری بکوژن لەو هێرشەدا؛ جگە لەوەی هێرشەکە بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی زۆر خراپ" هەژمار دەکرێت.
 
دادوەر ئیڤانا دەڵێت، "ئەنجوومەنی دادوەری بەبێ ئاشکرابوونی ناویان بڕیاری زیندانیکردنی تاهەتاییان بۆ حوسێن مێرهی و حەبیب عونەیسی دەرکردووە". دادگە تاوانبارەکانی بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستی، یارمەتیدانی کەسانی دیکە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی، کوشتنی رەفیق حەریری، کوشتنی 21 هاووڵاتی و بریندارکردنی 266 کەسی دیکە لە هەمان هێرشی ساڵی 2005 سزاداوە.
 
حەبیب مەرحی لە دایکبووی 12ـی کانوونی یەکەمی 1965ـە. لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان لەدایکبووە و ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنانییە. حوسێن عونەیسی لە 11ـی شوباتی 1974 لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان لەدایکبووە. ئێستا دادگە بە ئامادەنەبوو (غیاب) بڕیاری زیندانیکردنی تاهەتایی بۆ ئەو دوو ئەندامەی حیزبوڵڵا دەرکردووە.
 
رەفیق حەریری سیاسەتمەدارێکی لوبنانییە؛ لەنێوان ساڵانی 1992 بۆ 1998 و لە دواتریشدا لە 2000 بۆ 2004 سەرۆکوەزیرانی لوبنان بووە. ئەو سەرکردە لوبنانییە بەوە ناسراوە، دووبارە بەیرووتی پایتەختی لوبنانی بنیادناوەتەوە؛ هەروەها یەکەم سەرۆکوەزیرانی دوای شەڕی نێوخۆیە لە لوبنان و بە کاریگەرترین و دەوڵەمەندترین سەرکردەی لوبنانی دادەنرێت.
 
رەفیق حەریری لە 14ـی شوباتی 2005، لە تەقینەوەیەکدا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوژرا. کوژرانی حەریری وایکرد هاووڵاتییان لە دژی مانەوەی هێزەکانی سووریا لەو وڵاتە خۆپێشاندان بکەن؛ ئەو خۆپێشاندانانە تەواوی هێزەکانی سووریای ناچار بە کشانەوە کرد لە لوبنان کە 29 ساڵ بوو پێگەیان لەو وڵاتەدا دانابوو.