ئیسرائیل پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی بزووتنەوەی حەماسیان لە کەرتی غەززە کردە ئامانج.
 
لەدوای ئاگربەستی رۆژی 21ی مانگی رابردووی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، ئەمە یەکەم هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلە  بۆ سەر حەماس.
 
لە راگەیێندراوێکدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکان چەند شوێنێكی سەربازیی تایبەت بە حەماس لە هەردوو شاری خان یونس و خودی شاری غەززەیان کردووەتە ئامانج، کە لەلایەن بزووتنەکەوە بۆ راهێنانی سەربازی بەکارهێنراون، راشیگەیاند، "حەماس لەو ناوەندانە کردەی تیرۆریستییان کردووە."
 
هەروەها سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل ئامادەی هەموو سیناریۆیەکە تەنانەت دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان یەکێکە لە ئەگەرەکان.
 
هێرشەکەی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژێک پێش ئێستا لە فەڵەستینەوە میزڵدانی بۆبمڕێژکراوی ئاراستەی ئیسرائیل کرا.
 
تاوەکو ئێستا زانیاری لەبارەی زیانە مرۆیی و داراییەکان بڵاونەکراونەتەوە.
 
لە ماوەکانی رابردوو شەڕێکی 11 رۆژە لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس روویدا، بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە، 213 هاووڵاتیی فەڵەستینی کوژراون کە 65 یان منداڵ و 36ی دیکەیان ژن بوون، ئەمە جگە لەوەی کە هەزار و 900 کەسی دیکە برینداربوون. 
 
لە ئیسرائیلیش، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی حەماسەوە 12 ئیسرائیلی کوژراون کە دووانیان منداڵ بوون.
 
گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل 10ـی ئایاری ئەمساڵ دەستیانپێکرد، کاتێک کە ئیسرائیل هێزی دژی خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی قودس-ئورشەلیم بەکارهێنا کە دژی بڕیاری دادگەیێکی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی گەڕەکی شێخ جەڕاح بە فەڵەستینییەکان ناڕەزاییان دەردەبڕی.