پاڵەوانێکی عێراق مەدالیای زێڕ دەباتەوە و بە کاڵەکێک پێشوازی لێدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

لە ئیمارات مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا و لە عێراق لەلایەن دراوسێیەکییەوە بە پێدانی کاڵەکێک پێشوازی لێکرا، ئەمە چیرۆکی پاڵەوانێکی یاریی جۆجیتسۆیە لە عێراق. 
 
حوسێن جیزانی، بەشداریی هەشتەمین پاڵەوانێتیی جۆجیتسۆی لە ئەبوزەبی کرد، لەنێو دەیان یاریزانی دیکە بووە خاوەنی مەدالیای زێڕ، بەڵام کاتێک گەڕایەوە وڵاتەکەی پێشوازی لێ نەکرا و کەسێک نەبوو لە لەلایەنی پەیوەندیدار پێی بڵێت دەستخۆش و پیرۆزە.
 
حوسێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "توانیمان ئەم دەستکەوتە گرنگە بەدەستبهێنین، ئەمەش بە پشتیوانی خودا و هەوڵ و ماندوبوونی تاکەکەسی و راهێنانەکانمان بوو."
 
لەبارەی هەڵوێستی لایەنەکان بەرامبەریشی ئاماژەی بەوە کرد، "بەڕاستی پشتگوێخستنی وەرزش بەگشتی و یارییە تاکەکان بەتایبەتی کێشەی گەورەن و گەنجان لەم وڵاتە بەدەستییەوە دەناڵێنن. تەنیا یاریی جۆجیتسۆ نییە یان تەنیا حوسێن نییە ئەم گرفتەی هەبێت، بەڵکو هەموو یارییە تاکەکان بەدەست پشتگوێخستن و نەبوونی پشتیوانی دەناڵێنن."
 
هەر لە هەمان پاڵەوانێتیدا محەممەد باقر بەشداریی کردبوو. توانی دوو مەدالیای برۆنزی بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەگەر حوسێن دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی و گوشاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن وەزارەتی وەرزش و لاوان و یەکێتیی ناوەندی جۆجیتسۆوە دەستخۆشییەکی لێکرابێت، ئەوا محەممەد تا ئەم ساتەش کەس لێی نەپرسیوەتەوە.
 
محەممەد باقر، خاوەنی دوو مەدالیای برۆنزە و بە رووداوی گوت، "بەڕاستی ئێمە ئاواتی زیاترمان هەیە، بەڵام وەک دەبینن هۆڵەکەمان چۆنە و بەچ شێوەیەک راهێنان دەکەین. بەڕاستی هیچ پشتیوانییەکمان نییە، ئەوەی کە بەدەستی دەهێنین تەنیا بەهەوڵی خۆمان و راهێنەرەکەمانە. بەم پشتیوانییە کەمەی ئێستا هەیە، زۆر ئەستەمە بتوانین شتی زیاتر لە داهاتوودا پێشکێش بکەین. بۆیە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار چاوی لەوە بێت کە پشتیوانییەکان زیاتر بکات بۆ وەرزش و یارییە تاکەکان." 
 
یەکێتیی ناوەندی جۆجیتسۆی عێراق هۆکاری پێشوازینەکردن و خەڵاتنەکردنی یاریزانان بۆ نەبوونی پشتیوانیی مادی لەلایەن حکومەتی عێراق و کەمی بودجە دەگەڕێنێتەوە.
 
حوسێن و یاریزانەکانی هاوڕێی کە بەشێکیان مەدالیای برۆنز و زیویان بەدەستهێنابوو، لەگەڵ ئەو دۆخەی تێیدان و نەبوونی پاڵپشتی، لە هۆڵێکی خراپ و بێ کوالێتیدا دەستیان بە راهێنان کردەوە و پەیامی کۆڵنەدانیان هەبوو.