ئوردن شکست بە 'پیلانگێڕییەکی تێکدەرانە چەکداری' دەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی ئەمنیی ئوردن بە میدیای بەریتانیان راگەیاندووە وڵاتەکە "پیلانگێڕییەکی" شکستپێهێناوە گوایە چەند کەسێکی نزیک لە ئێران ویستوویانە چەک بگوازنەوە بۆ دژبەرانی خانەوادەی شاهانەی ئوردنی و "کارێکی تێکدەرانە" بکەن.
بەگوێرەی دوو سەرچاوەکە، چەکەکان لەلایەن گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێران لە سووریا بۆ گرووپێکی سەر بە ئیخوانەکان لە ئوردن نێردراون، کە پەیوەندیی ژێربەژێریان لەگەڵ حەماس هەبووە.
چەکەکان دەستیان بەسەرداگیراوە دوای ئەوەی لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ ژمارەیەک ئەندامی گرووپی ئیخوانەکان دەستگیرکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
ئەم پەرەسەندنە لەکاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکان بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماس گەیشتوونەتە قۆناخێکی سەخت و هەستیار، هەریەک لە لوبنان، ئوردن، عێراق و سووریا بە پلەیەک مەترسیان لێدەکرێت لە شەڕەکەوە بگلێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە بزووتنەوەی حەماس لە روونکردنەوەیەکدا گوتی، هیچ پەیوەندی بەو کردەوانە نییە کە ئوردن دەکەنە ئامانج.
هەردوو سەرچاوە ئوردنییەکە رەتیانکردووەتەوە ئاخۆ ئیخوانەکانی ئوردن بە نیازبوون چ جۆرە "کارێکی تێکدەرانە" بکەن، بەڵام ئاماژەیان بەوەداوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوان بەردەوامە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بە قەبارەی چەکەکانیش نەکردووە، بەڵام ئەوەیان ئاشکراکردووە ئامانج ئەوە بووە چەکەکان بگەنە دەستی گرووپە چەکدارەکان لە کەرتی رۆژئاوا، ئاماژە بەوەشدراوە ئامانج لە بەشێک لەو چەکانە بەکارهێنانیان بووە لەلایەن ئیخوانەکانی ئوردن.
لەوەتەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لەدوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە سەریهەڵداوە، ترسێک هەیە ئوردن ببێتە خاڵێكی یەکلاکردنەوەی ململانێی سەربازی. ئوردن هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە و 3000 سەربازی ئەمریکی لە وڵاتەکەن.