لە تۆڵەی کوژرانی فەرماندەیەکی، حیزبوڵڵا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل

رووداو دیجیتاڵ 

حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت چەند رۆکێت و گوللەتۆپێکیان ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل کردووە. هێرشەکەی حیزبوڵڵا دوای کوژرانی دوو ئەندامیان دێت کە یەکێکیان فەرماندە بووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 15-05-2024، حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند: "بە دەیان رۆکێتی کاتیوشا و گوللـەتۆپمان ئاراستەی چەند خاڵێکی سەربازی کرد لە باکووری ئیسرائیل. هێرشەکەمان بۆ سەر بنکەی سەربازیی میرۆن بوو لە نزیک شاری تیبریاس."
 
شاری تیبریاس نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری لوبنان دوورە.
 
لەبارەی هۆکاری هێرشەکە، حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت: "هێرشەکە وەڵامێک بوو بۆیان، دوای ئەوەی ئیسرائیلی دووژمن دوو کەسیان لێ شەهید کردین لە باشووری لوبنان."
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە میرۆن لێدراوە و هیچ زانیارییەکی دیکەی بڵاونەکردەوە.
 
چوارشەممە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی نیشتمانیی لوبنان رایگەیاند: "درۆنی دووژمنەکانمان کە ئۆتۆمبێلێکیان لە شەقامی سەرەکیی تایر ئەلحوش کردووەتە ئامانج، بووەتە هۆی شەهیدبوونی دوو کەس."
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە گرووپی حیزبوڵڵا رایگەیاندووە، یەکێک لەوانەی کە لە هێرشەکەدا کوژراوە فەرماندەیەکی حیزبوڵڵایە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گرووپی حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە چەکدارەکانیان بەناوی (حوسێن مەکی) "لەرێگەی چوون بۆ قودس شەهید بووە،" ئەوەش وەکو ئاماژەیەک کە لە شەڕی دژی ئیسرائیلدا کوژراوە.
 
لەبارەی حوسێن مەکی، ئیسرائیل دەڵێت: "یەکێک بوو لە فەرماندەکان کە بەرپرسی پلاندانانی چەندین هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر خەڵک و خاکی ئیسرائیل بوو."
 
حیزبوڵڵا دەڵێت لە هێرشەکە سیستمی ناسینەوە و چاودێرییان کردووەتە ئامانج، "ئامانجەکان بەڕێکوپێکی پێکران و ئەوەی ویستمان بەدەستمان هێنا."
 
جەنگی غەززە بووە هۆی پێکدادانی ناوە ناوەی نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل. لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە، لانیکەم 412 کەس لە لوبنان کوژراون کە 79 کەسیان سڤیلن. ئیسرائیلیش دەڵێت، 14 سەرباز و 10 کەسی سڤیل کوژراون؛ ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی هەزاران کەس لە هەردوو دیوی سنوورەکە.