ئەمریکا: بە سەدان تۆن هاوکاری بۆ غەززە ئامادەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، لەگەڵ تەواوبوونی بەندەری غەززە، بە سەدان تۆن هاوکاری و خواردن ئامادەن بۆ ئەوەی بگەنە بەندەرەکە و دەستی خەڵک.
رۆژی چوارشەممە، 15-05-2024، براد کووپەر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند: "سەدان تۆن لە هاوکاری و خۆراک ئامادەی بەڕێکردنن و هەزاران تۆنیش لە داهاتوودا ئامادە دەبن."
کووپەر ئاماژەی بەوەدا، بەندەرەکە لە چەند رۆژی داهاتوو دەکەوێتە کار و ئەمریکا هێرشکردنە سەر بەندەرەکە "قبووڵناکات."
بەرپرسە سەربازییەکە گوتی: "ئەمە ئەرکێکی 100٪ مرۆییە، هەر هێرشێک بۆ سەر ئەوانەی لە بەندەرەکە کاردەکەن، بەمانای هێرش دێت بۆ سەر هاوکارییەکانی خەڵکی غەززە."
مانگی ئادار، بەندەرە کاتییەکەی غەززە، لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە راگەیێندرا؛ نزیکەی 320 ملیۆن دۆلاری تێچووە.
رۆژی 08-03-2024 پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن رایگەیاند: "ئەمریکا بەندەرێکی ئاویی کاتی لە غەززە دروستدەکات بۆ ئەوەی کەشتییەکانی هاوکاری بتوانن کەلوپەل بگەیێننە کەشتی و بەلەمەکانی کەناراوی غەززە."
پات رایدەر زیاتر روونیکردەوە: "پێشبینی دەکەین 1000 سەربازی ئەمریکی لە دروستکردنی بەندەرەکە بەشدار بن، کە 60 رۆژی پێدەچێت."
ئەوکات پێنتاگۆن رایگەیاند، لەگەڵ تەواوبوونی بەندەرەکە رۆژانە "دوو ملیۆن ژەمە خواردن دەگاتە دەستی خەڵکی غەززە و هیچ سەربازێکی ئەمریکی لەسەر خاکی غەززە نابن."
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، هەموو خەڵکی غەززە کە ژمارەیان نزیکەی دوو ملیۆن کەسە، ئاسایشی خۆراکیان نییە و مەترسیی قاتوقڕی لە کەرتەکە هەیە.
سێشەممەی رابردوو، ئیسرائیل کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەی رەفەحی راگەیاند، کە هاوکاریی پێدا تێپەڕ دەبوو.
دان دیکاوس، ئەندامی ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی گوتی: "ئەمریکا دەیەوێت دەروازەی رەفەح بکرێتەوە. ئێستا پێداویستییەکانی غەززە گەلێک زۆرن و ناکرێت هیچ دەروازەیەک دابخرێت. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بگەنە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەروازەکە بکرێتەوە و هاوکاری لە میسرەوە بگاتە غەززە."
غەززە سێ دەروازەی هەبوو؛ لەگەڵ داخرانی رەفەح، ئێستا تەنیا دەروازەکانی ئێرەز لە باکوور و کەرەم شالۆم لە باشووری رۆژهەڵاتی کەرتەکە کراوەن.