ئیسرائیل: پێنج سەربازمان بە بۆردوومانێکی خۆمان بە هەڵە کوژران
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، پێنج سەربازیان لە باکووری کەرتی غەززە بە هەڵە کوژراون و حەوت سەربازی دیکەشیان بریندار بوون.
رۆژی پێنجشەممە 16ـی ئایاری 2024، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی "چوارشەممە، پێنج سەربازمان لە شەڕێكدا لە شاری جەبالیا لە باکووری غەززە کوژران."
بەپێی سوپای ئیسرائیل، ئەو سەربازانە لەنێو باڵەخانەیەکی غەززە پشوویان داوە و بە هەڵە لەلایەن تانکێکی سوپای ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردوونەتەوە، لەوەتەی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری پارەوە دەستیپێکردووە، لانیکەم 283 سەربازی ئیسرائیل لە غەززە کوژراون.
لەبارەی کوژرانی چەکدارانی حەماسیش، هەفتەی رابردوو، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، زیاتر لە 14 هەزار چەکداری حەماسیان لە غەززە کوشتووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا ئیسرائیل هێرشەکانی لە باکووری کەرتی غەززە چڕترکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس دەیەوێت لەو ناوچەیە لەڕووی سەربازییەوە خۆی بنیادبنێتەوە."
سەرەڕای گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتی، رۆژی سێشەممەی رابردوو ئیسرائیل چەند تانکێکی بەرەو باشووری شاری رەفەح نارد، کە هاوسنووری میسرە و دەکەوێتە دوایین خاڵی باشووری غەززە و دەروازەیەکی سنووریی ئەو شارەی داخست، کە هاوکاری و سووتەمەنیی پێدا تێپەڕ دەبوو.
ئیسرائیل داوای لە خەڵکی رەفەح کردووە شارەکە بەرەو ناوچەی ئەلمەواسی لە کەناراوەکانی باکووری رۆژئاوای غەززە چۆڵ بکەن، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردووە، بۆ گواستنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک بە سەلامەتی بەرەو ئەو ناوچەیە، ئامادە نین.
سوپای ئیسرائیلیش پشتڕاستیکردەوە، دەروازەی رەفەحیان لە دیوی غەززەوە کۆنترۆڵ کردووە.
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد. دوێنێ (چوارشەممە) تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 60 کەس کوژراون؛ لە سەرەتای جەنگیشەوە 35 هەزار و 233 کەس کوژراون و 79 هەزار و 141ـی دیکەش بریندار بوون.