ئیسرائیل: ئەوانەی لە سووریا کوژران لە کاری تیرۆریستیی دژ بە ئیسرائیل تێوەگلابوون
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوانەی لە هێرشەکەی سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە سووریا کوژران "لە کاری تیرۆریستی دژ بە ئیسرائیل تێوەگلاون".
رۆژی دووشەممە، 15ـی نیسانی 2024، دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە هێرشەکەی سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرد و گوت، "ئەوەندەی من زانیاریم هەبێت ئەوانەی لە دیمەشق کوژراون ئەندامی هێزەکانی قودس بوون".
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رەتیکردەوە هیچ دیپلۆماتێک لە هێرشەکەدا کوژرابێت و گوتی، "لەنێو ئەو تیرۆریستانەدا ئەندامانی حیزبووڵڵا و هاوکاریکارانی ئێران هەبوون؛ ئەوەندەی من ئاگەدار بم هیچ دیبلۆماتێک لە هێرشەکەدا نەکوژراوەو ئاگەداری ئەوەش نیم کەسانی سیڤیل لەنێو کوژراواندا بن".
ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی دەکرد، کە وەڵامی بۆ هێرشکردنە سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق دەبێت.
شەوی شەممە ئێران زیاتر لە 300 مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە زۆربەی زۆریان لەلایەن سیستمی دژەمووشەکیی ئیسرائیل و ئەمریکاوە خرانەخوارەوە پێش ئەوەی ئامانجەکەیان بپێکن.
هێرشەکە یەکەم هێرشی راستەوخۆی ئێران بوو بۆ سەر خاکی ئیسرائیل.
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە چەند کاژێرێک دوای دەستپێکی هێرشەکە رایگەیاند، "زیانێکی کەم بەر بنکەیەکی سەربازیمان کەوتووە." بنکەکە دەکەوێتە باشووری ئیسرائیل، بیابانی ناگڤ، نزیک شارۆچکەی ئەراد.
هاوکات رۆژی دووشەممە، هێرڤی هەلێیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی بنکەی سەربازی (نڤاتیم)ی لە باشووری ئیسرائیل کردو بە سەربازانی گوت، "ئەو هێرشەی ئێران کە بە مووشەک، مووشەکی کروز و درۆن کرایە سەر خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل وەڵامدانەوەی بەدوادا دێت".
لە راگەیێندراوێکی دیکەی جیادا، دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لە وەڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی ئێران کردو گوتی، "ئێمە هەر شتێکی پێویست هەبێت بۆ پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیل دەیکەین و ئێمە لەو دەرفەت و کاتەی کە خۆمان هەڵیدەبژێرین ئەوە دەکەین".