خاچی سوور: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبێتەوە
رووداو - هەولێر
رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی داوای یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات کە لە ساڵانی رابردوودا شەڕ و پێکدادانیان تێدابووە، بۆئەوەی بتوانن رووبەڕووی کۆرۆنا و کاریگەرییە "وێرانکارییەکانی" ببنەوە.
بە گوتەی فابریزیۆ کاربۆنی، بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سووری نێودەوڵەتی، ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی دوو هەڕەشە بووەتەوە کە بریتییە لە هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە لەگەڵ هەڕەشەی تێکچوونی بواری کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئاماژە بەوەش دەکات "دەکرێت هەردوو قەیرانەکە کاریگەریی گەورەی مرۆییان هەبێت".
خاچی سووری نێودەوڵەتی دەڵێ، خەریکە پەتای کۆرۆنا دەبێتە بوومەلەرزەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی جیهانی و کاریگەریی ئەو بوومەلەرزەیەش لەو ناوچانە زیاتر دەردەکەوێ کە شەڕیان تێدابووە؛ هەر ئێستاش ملیۆنان کەس لەو ناوچانەدا کێشەی کەمیی خواردن، ئاو و کارەبا، خراپیی سیستەمی تەندروستی و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییان هەیە و سەرچاوەکانی ژیان و ژێرخانیان لەدەستداوە.
هەندێک لەو رێکارانەی ژمارەیەک لە حکومەتی وڵاتان رایانگەیاندوون، لەوانەش قەدەخەی هاتووچۆ، وایکردووە ژمارەیەکی بەرچاو لە خانەوادەکان نەتوانن پێداویستییەکانی ژیان بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان دابینبکەن، لەوبارەیەوە خاچی سوور باسی ئەوەی کردووە، دەکرێت لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، برسێتی، کەمخۆراکی، نەخۆشی و فشار بەهۆی کێشە ئابوورییەکانەوە زیادبکەن.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵانی رابردوودا قەیرانەکان زیان و کاریگەریی گەورەیان هەبووە، بەجۆرێک ئێستا نیوەی دامەزراوە تەندروستییەکان لە سووریا و یەمەن چالاک نین و 40 ملیۆن کەس لە خەڵکی عێراق، سووریا و یەمەن پێویستییان بە یارمەتیی مرۆییە.
خاچی سووری نێودەوڵەتی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، کاری جیددی بکات بۆئەوەی رێگەنەدات بارودۆخی مرۆیی زیاتر لە وڵاتانی ناوچەکە تێکبچێت.
ئەم هۆشدارییەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لەکاتێکدایە، کۆرۆنا لە وڵاتانی ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە و رۆژ دوای رۆژیش ژمارەی مردووان و تووشبووانی کۆرۆنا زیاتر دەبێت.