نەتەوە یەکگرتووەکان: سێیەکی منداڵانی خوار دوو ساڵان لە غەززە تووشی بەدخۆراکی بوون
رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا رایدەگەیێنێت، لە هەر سێ منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵ لە غەززە، یەكێکیان بەهۆی جەنگەوە تووشی بەدخۆراکی بووە.
رۆژی شەممە، 16ـی ئاداری 2024، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی UNRWA لە راپۆرتێکدا باسی لە بەدخۆراکیی منداڵان لە کەرتەکە کرد و رایگەیاند، بەدخۆراکیی منداڵان بەشێوەیەکی خێرا بڵاودەبێتەوە و گەیشتووەتە ئاستێک کە پێشتر لە غەززە وێنەی نەبووە".
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، کە لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی تووشبوونیان بە بەدخۆراکی و وشکبوونەوەی جەستەیان لانیکەم 23 منداڵ لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.
بەشێکی زۆری ئەوانەی لە غەززە بەهۆی بەردەوامیی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە، منداڵان بوون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی تەندروستیی غەززە بڵاویکردوونەتەوە، تاوەکو ئێستا لانیکەم 13,450 منداڵ لە غەززە کوژراون.
دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان – CRC لەبارەی منداڵانی غەززە دەڵێت، بەهۆی بەردەوامیی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، زۆربەی منداڵانی غەززە تووشی زەبری دەروونی بوون، داواش دەکات، کار بکرێت بۆ ئەوەی لەڕووی دەروونییەوە پاڵپشتی لە منداڵانی غەززە بکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی ئەو ناوچەیەی فەلەستین 1.8یان ئاوارە بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، 576 هەزار کەس کە دەکاتە یەک لەسەر چواری غەززەییەکان لە برسێتیی کوشندەدا دەژین.
ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، کە 17 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی شەڕەوە لە خێزانەکانیان دابڕاون.
ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی هەموو منداڵانی غەززە پێویستییان بە پشتیوانی دەروونی هەیە.
رێکخراوی Euro-Med کە رێکخراوێکی داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، زیاتر لە 24 هەزار منداڵی غەززە، دایک یان باوکیان لەدەستداوە.
جەنگی غەززە زیاتر لە پێنج مانگە بەردەوامە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس لە کەرتەکە کوژراون و بریندار بوون و لە 2.4 ملیۆن دانیشتووی غەززەش، 80٪ـیان ئاوارە بوون.