بەشار ئەسەد: ئەگەر تورکیا هێزەکانی بکشێنێتەوە لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبمەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی RIA Novosti رایگەیاند، تەنیا دوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سووریا، ئامادەیە لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە.
 
سەرۆکی سووریا لە وەڵامی پرسیارێكی ئەو ئاژانسە رووسییەدا گوتی: "ئەوەی پەیوەستە بە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان؛ ئەوە بەندە بە گەیشتن بەو قۆناخەی کە تورکیا بە روونی و بێ دوودڵی بە تەواوەتی لە خاکی سووریا بکشێتەوە، بۆ راگرتنی پشتیوانیکردنی تیرۆر و گەڕاندنەوەی دۆخەکە بۆ دۆخی پێش دەستپێکردنی شەڕ لە سووریا ئامادە بێت. ئەمە تاکە بژاردەیە کە دیداری نێوان من و ئەردۆغان تێیدا دەکرێت".
 
سەرۆکی سووریا هەر لە بارەی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان گوتی، "جگە لەوەش، کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە بەهای چییە و بۆچی دەبێت بکرێت؟ لەکاتێکدا ئەنجامی کۆتایی بۆ شەڕی سووریای لێ نەکەوێتەوە".
 
بەگوتەی ئەسەد، تورکیا بە پاڵپشتیکردنی ئەو رێکخراوانەی دیمەشق بە تیرۆریستیان دەزانێ و بە ناردەنی هێزەکانی خۆی بۆ ناو خاکی سووریا، رۆڵێکی "نەرێنی" لە شەڕی سووریادا گێڕاوە و، گوتی: "بۆ ئێمە تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکەرە".
 
بەشار ئەسەد لەم بابەتەدا ئاماژەی بە رۆڵی رووسیا کرد و گوتی، "رووسیا بە درێژەدان بە پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ هەردوو لایەنی سووریا و تورکیا، رۆڵێکی گرنگی گێڕا". 
 
ئەسەد گوتیشی، "ئێمە بڕوامان بە لایەنی رووسیا هەیە، چونکە رۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە بۆ ئاسانکاری ئەم پەیوەندییانە. رووسیا سیاسەتی نێوەندگیری خۆی لەسەر بنەماکانی وەک؛ رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، داننان بە سەروەری دەوڵەتان؛ رەتکردنەوەی تیرۆر؛ رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەریی دەوڵەتی سووریا بەسەر خاکەکەیدا؛ هەروەها پێویستی کشانەوەی هێزە چەکدارە بیانییە نایاساییەکان لە سووریا، دەباتە پێشەوە".