رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بە راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە دەربڕی و رایگەیاند، بۆ ئێمە ئاگربەست واتە راگرتنی کوشتنی منداڵ، ژن، پیاو و پیر دەگەیێنێت. دەشڵێت: "غەززە بە مرۆڤ و ئاژەڵ و دار و بەرد و خاکەکەی رووبەڕووی رەشەکوژی بووەتەوە."
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، نەزمی حزووری کۆنسووڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، میوانی بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو بوو. هەڵسەنگاندنی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست کرد لە غەززە و رایگەیاند، بۆ ئێمە ئاگربەست واتە راگرتنی کوشتنی منداڵ، ژن، پیاو و پیر دەگەیێنێت. واتە راگرتنی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی غەززە. ئەمە خۆشییەکی زۆر مەزنە. هیوادارین ئەم ئاگربەستە رێگەخۆشکەر بێت بۆ راگرتنی دوژمنکاری تەواوی سەر غەززە و بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی.
نەزمی حزووری باسی لەوەشکرد، غەززە ژیانی لێ زەوتکراوە و رووبەڕووی رەشەکوژی بووەتەوە. مرۆڤ، ئاژەڵ و دار و بەرد و خاکی بە بەر چاوی هەموو جیهان قڕکران. شتێک نەماوە بەناوی غەززە، ئەم کەرتە ئێستا بریتییە لە داروپەردوو. خوێن و گۆشت و ئێسکی منداڵ و تەرمی پارچە پارچەکراوی شەهیدەکان تێکەڵی داروپەردووەکان بووە. سیمای ئێستای غەززە تەنیا کاوڵکاری و وێرانەکەی ئێستایە کە دەبینرێت.
راشیگەیاند، ئێستا لە غەززە ئاو، کارەبا، خۆراک، سووتەمەنی و خزمەتگوازی نییە. لە هاوین ساردکەرەوە و لە زستانیش گەرمکەرەوە نییە. سەرباری ئەم هەموو نەهامەتییە، غەززە هەموو رۆژ داوای دەکرد ئەم دوژمنکارییە رابگیرێت.
لەبارەی ئاماری قوربانییەکان، کۆنسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەی قوربانییەکان 150 هەزاری تێپەڕاند لە نێوان شەهید و بریندار و بێسەروشوێن بووەکان. لانیکەم 10 هەزار کەس بێسەروشوێنن و چارەنووسیان دیارنییە. دوای ئاگربەست بۆمان دەردەکەوێت چەند کەس لەم بێسەروشوێنانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان یان بە شەهید هەژمار دەکرێن.
ئەوەشی خستەڕوو ژینگەیەکی تەندروست لە غەززە نەماوە، نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان وێران کراون. زۆربەی شەهیدەکان برینداربوون بەڵام بەهۆی نەبوونی دەرمان و پزیشک و نەخۆشخانە، گیانیان لەدەستدا.
لەبارەی قەبارەی زیانەکانی غەززە رایگەیاند، مانگی رابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی کاوڵکارییەکانی کەرتی غەززە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەنیا کۆکردنەوەی داروپەردووەکانی غەززە پێویستی بە 14 ساڵ هەیە. ئەمە بێننە بەرچاوتان قەبارەی زیانەکان و کاوڵکارییەکان چەند زۆر و گەورەن. ئەمە دەیسەلمێنێت غەززە بە هەموو شتێکییەوە، لە ژێرخان و سەرخان، بە ماڵە کۆنەکان و نوێیەکان، بە یەکە نیشتەجێبووەکان و تەواوی دامەزراوەکانی لە خان یونس، دێربەلەح و تەواوی ناوچەکان و تەنانەت خێوەتگەکانیش لەناوبراوە.
کۆنسووڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان گوتی: "رەنگە هەمووان سەیریان بەم پەیامەم بێت، دەڵێم سوپاس بۆ ترەمپ. چونکە 20ـی مانگ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا. ویستی لە رۆژی دەستبەکاربوونیدا هەموو شاشەکانی تەلەڤزیۆن لە هەموو جیهان تەنیا دیمەنەکانی رێوڕەسمەکەی بڵاوبکاتەوە و لەپاڵ رێوڕەسمەکەدا نەیویست دیمەنی کوشتنی منداڵان و کاوڵکارییەکان بڵاو بکرێتەوە. بۆیە داوای لێکردن جەنگی غەززە بوەستێنن. پێشتریش گوتبووی دەیکەینە دۆزەخ، ئێمەش دەڵێین وازبێنە مەیکە دۆزەخ لانیکەم با بکرێتە بەهەشت. ئاشتیمان دەوێت، دەمانەوێ غەززە بەهەشتی ناوچەکە بێت. هەر لەسەر ئەم بنەمایە بوو بڕیاردرا رۆژی 19ـی مانگ بکرێتە یەکەم رۆژی ئاگربەستەکە. هەمان شت باراک ئۆباما کردی، لە رۆژی دەستبەکاربوونیدا داوای کرد ئاگربەست بکرێت بۆ ئەوەی هەموو چاوەکان لەسەر رۆژی دەستبەکاربوونی بێت."
گوتیشی: "خەڵکی غەززە تەنیا پێویستییان بە ئۆکسجین هەیە بۆ ئەوەی بژین. غەززە پێویستی بە هاوکاری مرۆیی زۆر بەپەلە هەیە و پێویستی بە نیشتنەوەی تەپوتۆزی جەنگ هەیە بۆ ئەوەی ژینگەیەکی تەندروستی هەبێت. یەک ملیۆن کەس لە غەززە پێویستیان بە خواردن و خواردنەوە هەیە بۆ ئەوەی لە بەدخۆراکی و برسییەتی رزگاریان بێت. پێویستیان بە سووتەمەنی هەیە پێویستیان بە ئارامی و سەقامگیرکردن و راگرتنی بۆردوومانەکان هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ