تەندروستیی غەززە: لە 24 کاژێری رابردوودا 81 کەس بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل کوژراون

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا، 81 کەس بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل کوژراون. ئیسرائیلش دەڵێت، حەماس هەندێک برگەی ئاگربەستەکەی پێشێلکردووە و تاوەکو هەمووی پەسند نەکەن، ئەوان پەسندی ناکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "حەماس پاشەکشەی لە بەشێکی ئەو رێککەوتنە کردووە کە لەگەڵ وڵاتانی نێوەندگیر و ئیسرائیل کردوویەتی". دەشڵێت، حەماس ئەو پاشەکشەیە بۆ سوود وەرگرتن لەو کاتە کەمە بەکاردەهێنێت پێش ئەوەی ئاگربەستەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە." 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەو پێشێلکارییانە نەکردووە کە حەماس کردوویەتی. حەماسیش لە راگەیێندراوێکدا، ئەو تۆمەتەی ئیسرائیلی رەتکردەوە. 
 
شەوی رابردوو ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس ئاگربەستیان راگەیاند و 19ـی ئەم مانگە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حکومەت بۆ پەسندکردنی رێککەوتنەکە کۆنابێتەوە تاوەکو وڵاتانی نێوەندگیر تەلئەڤیڤ ئاگادارنەکەنەوە، کە حەماس هەموو خاڵەکانی رێککەوتنەکەی پەسندکردووە.
 
بەگوێرەی دەقی ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس، ئاگربەستەکە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل، گۆڕینەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان بە زیندانییە فەلەستینییەکان، چارەسەری ناکۆکییەکانی بەرەی فێلادلفیا، کردنەوەی دەروازەی رەفەح و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لەخۆدەگرێت. 
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی ئیسرائیل و غەززە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی کەرتی غەززە، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 46 هەزار کەس کە 70%یان ژن و منداڵ بوون، هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن فەلەستینیش لە کەرتەکە ئاوارە بوون. ئیسرائیل دەڵێت، لانیکەم 17 هەزار چەکداری حەماسی لەو جەنگەدا کوشتووە و 840 سەربازی وڵاتەکەیشی کوژراوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژنێکی فەلەستینی منداڵەکەی لە باوەش گرتووە و دەگریێت. گرافیک: نیاز فارس- رووداو

نێوەڕۆکی رێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەبارەی ئاگربەست

رووداو دەقی رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماسی لەبارەی ئاگربەست دەستکەوتووە. ئاگربەستەکە پێکدێت لە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل، ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانیکراوان، چارەسەری ناکۆکییەکانی بەرەی فێلادلفیا، کردنەوەی دەروازەی رەفەح و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان.