رووداو دیجیتاڵ
دەیڤد واڵاس، لێکۆڵینڤان و راوێژکاری سیاسیی ئەمریکی دەڵێت، فەرەنسا درۆنی بە هێزەکانی سووریا دیموکرات داوە. هەروەها باسی ئەوە دەکات، چیدیکە ئەمریکا شێرە بەفرینەکەی ناوچەکە نابێت و بەهاتنی ترەمپ ئیتر ئەمریکا بەهێزەوە لەگەڵ جیهان قسە دەکات.
دوای 15 مانگی جەنگ، شەوی چوارشەممە ئاگربەستی غەززە راگەیێندرا. دەیڤد واڵاس لە کاتی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئاگربەستەکەوە گوتی، "ئاگربەستەکە ئەو کاتە راگەیێنرا، کە سەرۆک ترەمپ ئاشکرایکرد، ئەو کار لەسەر ئاگربەست دەکات و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەخاتە نێو ئاگرەوە ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات. ئەو راگەیێندراوانەی سەرۆک ترەمپ وایکرد هاوسەنگییەک دروست بێت و سەرکردەکانی حەماس لەوە تێگەیشتن کە دەرئەنجامێکی خراپ چاوەڕێیان دەکات، بۆیە بڕیاریاندا رێککەوتن بکەن، بەڵام دەبێ ئەنجامەکان ببینین، ئینجا بڕیار بدەین کە رێککەوتنێکی باش کراوە یان نا".
34 بارمتە گیانیان لەدەستداوە
واڵاس دەڵێت، تائێستا 93 بارمتە ماون، 34 لە بارمتەکان گیانیان لەدەستداوە و بەپێی رێککەوتنەکە بەشێک لەو بارمتانە ئازاد دەکرێن، بەڵام دەرئەنجامێکی خراپ چاوەڕێی حەماس دەکات ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکات.
رۆژی چوارشەممە، قەتەر بەشێوەیەکی فەرمی ئاگربەستی لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە راگەیاند. بەپێی ئاگربەستەکە حەماس رفێنراوە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکات، لە بەرامبەردا ئیسرائیل زیاتر لە 2 هەزار بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات و رێگە بە هاوکاریی مرۆیی زیاتر بۆ کەرتی غەززە دەدات.
ئەمریکا چیدیکە شێرەبەفرینەکەی ناوچەکە نییە
ئەو راوێژکارە سیاسییەی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە ترەمپ سیاسەتی هێز لە ناوچەکە جێبەجێ دەکات و دەڵێت، "دەبێت ئەمریکا سەرۆکێکی بەهێزی هەبێت و بە جیهان بڵێت کە ئەمریکا چی دیکە شێرەبەفرینەکە نییە و بەهێزەوە لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان قسە بکات، ئەگەر دژبەرەکانی ئەمریکا ئاشتییان دەوێت، ئەوا ئەمریکاش ئاشتی دەوێت".
بڕیارە رۆژی 20 ئەم مانگە لە رێوڕەسمێکدا سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ دەستبەکاربێت.
دەبێت ئێران رابگرین
دەیڤد واڵاس هۆشداری بە ئێران دەدات، کە سەرچاوە ئابوورییەکانی وشکدەکرێن و رێگە بە "کردەوە شەڕانگیزییەکان"ی نادرێت. بە رووداوی گوت، "ئێران هێشتا لە رووی ئابوورییەوە بەهێزە و تا کۆتایی ئیدارەی بایدن ئێران سامانێکی زۆری لە بانکەکاندا هەیە، بۆ ئێمە گرنگە سزاکانی سەر ئێران بخەینەوەگەڕ، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە هیچ لەو سامانانە بۆ کاری خراپ بەکارناهێنرێن، یاخود دۆخێکی خراپ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان لە هەر وڵاتێکی دیکە لە تەواوی جیهان دروست ناکات، چونکە ئەوان (ئێران) سپۆنسەری چەندین گرووپی تیرۆرستی لە جیهاندا دەکەن و ئێمە ئاگاداری ئەوەین و دەبێت رایانبگرین و لە رووی ئابوورییەوە وشکیان بکەین".
رێگە بە هێرشی سەر هێزەکانمان نادەین
دەیڤد واڵاس هۆشداری دەداتە عێراق و حەشدی شەعبی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و دەڵێت، "ئەمریکا چی دیکە قبووڵ ناکات لە عێراق هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی و لەو کارانە خۆش نابێت، هێزەکانی ئەمریکا پیرۆزن و گرنگن و سەلامەتی عێراقی و کوردەکان دەپارێزن، ئەوجا لە بنکەی عەین ئەسەد بن یان هەر بنکەیەکی دیکە و هیچی دیکە رێگە نادرێت کە هێرشیان بکرێتە سەریان."
فەرەنسا درۆنی بە هاوپەیمانەکانمان لە سووریا داوە
لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە، ئەو راوێژکارە سیاسییە ئەمریکییە ئاشکرای دەکات کە کورد درۆنی بەدەست خستووە، "سوپاسی هاوپەیمانەکانمان و لە نێویاندا فەرەنسا دەکەم، کە درۆنی بە هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە داوە، کوردانی سووریا شایانی ئەوەن ئاشتییان هەبێت و دڵنیام سەرۆک ترەمپ و راوێژکارەکانی بەهێزەوە پشتگیری لە کورد دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ