رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سووریا کە دوێنێ لە ئەنقەرە بوو، رایگەیاند، رێگە نادەن سووریا ببێتە هەڕەشە لەسەر دراوسێکانی و گوتیشی، رێگە بە دابەشبوونی سووریا نادەن.
چوارشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەوێ لەگەڵ هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاوتا تورکییەکەی هاکان فیدان، کۆبووەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لەگەڵ فیدان. وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند: "ئیدارەی نوێ رێگە نادات خاکی سووریا بۆ دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر تورکیا و گەلی تورکیا بەکاربێت، کاردەکەین بۆ لەنێوبردنی ئەو هەڕەشانە."
لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سەرەتای مانگی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) چڕتر کردووەتەوە بەتایبەتی لە ناوچەکانی کۆبانێ، بەنداوی تشرین و دەوروبەری منبج لە باکووری سووریا.
شەیبانی لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: "سوپاسی تورکیا دەکەین بۆ متمانەپێکردنی ئیدارەی نوێ بۆ چارەسەرکردنی سەرچاوەی ئەو هەڕەشانە. ئێمە ئێستا لەهەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە لەرێگەی دانوستاندن و گفتوگۆ و چاوەڕێش دەکەین لەداهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامێکی بەرجەستەکراو بەدەست بهێنین."
هەسەدە کە کۆنترۆڵی ناوچەیەکی فراوانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکات، چەند جارێک رایگەیاندووە نایانەوێت لە سووریا جیاببنەوە و لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەشدا، شەیبانی رایگەیاند، دەبێت ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق.
وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی: "چیدیکە هیچ پاساوێک بۆ بوونی هەسەدە بەو پێکهاتەیەی ئێستای لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا پێویست نییە. دەبێت ئێمە کار بکەین بۆ گەڕاندنەوەی هۆزە عەرەبییەکان و گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ حکومەتی ناوەند."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ