گوتەبێژی پێشووی سێنتکۆم بۆ رووداو: لە دوای هێرشەکانی سەر هەولێر دەبێت ئەمریکا راستەوخۆ ئێران بکاتە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پێشووی سێنتکۆم بە رووداوی راگەیاند لەدوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر، دەبێت ئەمریکا راستەوخۆ بنکە و پێگەکانی سوپای ئێران لە نێوخۆی ئێران بکاتە ئامانج، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەو بڕوایەدا نییە ئیدارەی بایدن ئەو کارە بکات.
جۆ پۆچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا، لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە هێرشەکانی شەوی دووشەممەی ئێران بۆ سەر هەولێر، رایگەیاند: "پێموابێت ئێران لە رێگەی ئەم هێرشانەوە دەیەوێت، پشێویی لە ناوچەکە دروست بکات بەتایبەتی پشێوی لە عێراق دروست بکات. ئەمەش هەمان ئەو کارەیە کە لە رێگەی گرووپە شیعەکانەوە کردوویەتی، ئەوەی چاوەڕواننەکراو بوو لەم هێرشەدا، ئەوەبوو ئێران راستەوخۆ و بە بەکارهێنانی هێز و سوپای خۆی هێرشەکەی کرد، نەک گرووپەکانی نزیک لەخۆی".
شەوی دووشەممە ئێران لە رێگەی 10 مووشەکی بالیستییەوە چەند شوێنێکی هەولێری کردە ئامانج، یەکێکیش لەوانە ماڵی سەرمایەداری ناسراوی شاری هەولێر پێشڕەو دزەیی بوو کە لە ئەنجامی هێرشەکدا، پێشڕەو دزەیی و کچەکەی کە تەمەنی کەمتر لە ساڵێک بوو گیانیان لەدەستدا و هاوژینی و دوو کوڕی و کچێکی دیکەی بریندار بوون.
گوتەبێژی پێشووی سێنتکۆم لەدرێژەی قسەکانیدا، بۆ رووداو رایگەیاند: "ئێران هەر لەمێژەوە دەستوەردانی لە حکومەتی بەغدا کردووە، دەشیەوێت دەستوەردان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات. هەروەها دەیەوێت پشێویی لە سووریا دروست بکات لەرێگە گرووپەکانی نزیک لە خۆی، دەیەوێت ناسەقامگیریی لە دەریای سوور دروست بکات لەرێگەی راگرتنی کەشتییەکان. ئەمە ئەو ساتەیە ئێران لەم دۆخەدا دەرفەتەکەی قۆستووەتەوە بەهۆی جەنگی غەززە و دروستبوونی پشێویی لە ناوچەکە و پێموایە ئێران لەمجۆرە هێرشانە بەردەوام دەبن".
جۆ پۆچینۆ بەپێویستی دەزانێت ئەمریکا راستەوخۆ لە ئێران بدات و بنکەکانی ئێران بکاتە ئامانج و گوتیشی، "ئامانجی زۆر هەن بەتایبەتی لە باشووری ئێران کە دەکرێت ئەمریکا هێرشیان بکاتە سەر. کاتی ئەوە هاتووە پەیامێک بە ئێران بگات، لەجیاتی ئەوەی هێرشبکرێتە سەر حووسییەکان، یان حیزبوڵڵای لوبنانی و گرووپە چەکدارەکانی عێراق".
لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسەکەی پێشووی سێنتکۆم لەو باوەڕەدا نییە، ئەمریکا ئەو کارە بکات و دەڵێت: "ئیدارەی ئێستای ئەمریکا هیچ خواستێکی نییە بەوەی راستەوخۆ ئێران بکاتە ئامانج و باوەڕیش ناکەم ئەو کارە بکەن، بەڵام من پێموایە دەبێت ئەو هەنگاوە بگرنەبەر. پێموانییە ئەم ئیدارەیە بە گرنگییەکی ئەوتۆوە بڕوانێتە هەرێمی کوردستان، پێموایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تورکیا گرنگە، هەرێمی کوردستان گرنگە، بەڵام پێموانییە ئەم ئیدارەیە بە قووڵی بیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق بکاتەوە".