ئیسرائیل دەیەوێت دانیشتووانی گۆلان دوو هێندە بکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ئیسرائیل بڕیاریداوە دانیشتووە جووەکانی بەرزاییەکانی گۆلان بۆ دوو هێندە زیادبکات و دەڵێت: "هێشتا هەڕەشەکانی سووریا ماون."
 
رۆژی یەکشەممە 15-12-2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "بەهێزکردنی گۆلان، بەهێزکردنی دەوڵەتی ئیسرائیلە. بەتایبەت لەم کاتەی ئێستا زۆر گرنگە. بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ببینە هۆکاری گەشەکردن و نیشتەجێبوون تێیدا."
 
ئیسرائیل لە ساڵی 1967 لە جەنگێکی شەش رۆژە بەرزاییەکانی گۆلانی لە خاکی سووریا کۆنتڕۆڵکرد و لە ساڵی 1981ـیش بە خاکی خۆیەوە لکاند.
 
لە ساڵی 2019دا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، پشتیوانیی ئەمریکای بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە و رایگەیاند، ئیسرائیل خاوەنی بەرزاییەکانی گۆلانە. تاوەکو ئێستا ئەمریکا تاکە وڵاتی جیهانە دانی بە سەروەریی ئیسرائیلی بەسەر بەرزاییەکانی گۆلانەوە نابێت.
 
سووریا داوای لە ئیسرائیل کردووە لەو ناوچەیە دووربکەوێتەوە، بەڵام ئیسرائیل بە "هۆکاری ئەمنی" بەردەوام رەتیکردووەتەوە.
 
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "مەترسییە مسۆگەرەکانی ئەو وڵاتە [سووریا] هێشتا دیارن و پێشهاتەکانی ئەم دواییانەی سووریا هەڕەشەکانی زۆرتر کردوون، هەرچەندە سەرکردەی گرووپە یاخییەکان وێنەیەکی خاکییان پیشانداوە."
 
رۆژی 08-12-2024 دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردە سەر دیمەشق و حکومەتی سووریایان رووخاند. بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بە ماڵباتەوە بەرەو رووسیا هەڵات.
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، حکومەت بە کۆدەنگی بڕیاریداوە، 11 ملیۆن دۆلار بۆ "هاندانی پلانی گەشەی دیمۆگرافی لە گۆلان" خەرج بکات.
 
نووسینگەکەی رایگەیاند، نەتەنیاهوو پلانەکەی پێشکێش بە حکومەت کردووە و هۆکارەکەشی، "بەهۆی جەنگ و ئەو بەرە نوێیەیە کە رووبەڕووی سووریا بووەتەوە، هەروەها خواستێکە بۆ دووهێندە کردنی دانیشتووانی گۆلان."
 
ئەڤراهام لێڤین، شڕۆڤەکارە لە ناوەندی پەروەردە و توێژینەوەی (ئەلما)، کە تایبەتە بە ئاڵنگارییەکانی ئاسایشی ئیسرائیل لەسەر سنووری باکوور، گوتی: "نزیکەی 31 هەزار ئیسرائیلی لە گۆلان نیشتەجێن. زۆربەیان جووتیارن، رەزیان هەیە و بەشێکیشیان لە کەرتی گەشتوگوزارین. گۆلان ماڵی 24 هەزار پێکهاتەی درووزە."
 
رۆژی 14-12-2024، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام کە حوکمی بنەماڵەی ئەسەدی ریشەکێشکرد گوتی، ئیسرائیل بیانووی هەڵەی دروستکردووە بۆ ئەوەی رەوایەتیی بداتە هێرشکردنە سەر سووریا، بەڵام "نامانەوێت بچینە نێو بەرەی نوێی جەنگەوە، سەرنجمان لەسەر بونیادنانەوەیە."
 
لەنێوان بەرزاییەکانی گۆلان و سنووری رۆژئاوای سووریا ناوچەیەک هەیە پێی دەگوترێت، (ناوچەی لە چەک داماڵدراو ). ئەو ناوچەیە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پارێزگاری لێدەکرێت و بۆ ئەوەیە کە سنووری نێوان دوو وڵاتەکە جیاببێتەوە. لە 08-12-2024ـوە ئیسرائیل سوپای ناردووەتە ئەو زۆنە کە لە 1973ـوە بڕیاری لەسەردراوە. ئیسرائیل هەروەها سوپای ناردووەتە سەر لووتکەی چیای حەرمۆن کە بەسەر دیمەشقەوە دەڕوانێت و لە دیوی سووریایە. 
 
ئیسرائیل رایگەیاندووە، چاوی لەوە نییە بۆ ماوەیەکی درێژ لەوێ بێت و دەڵێت: "بۆ پاراستنی ئاسایشی سنووری ئیسرائیلە."