چۆن ئیسرائیل هاوکار بوو لە دامەزراندنی حەماس و دواتر بۆردوومانی کرد؟

دوێنێ کاژێر 12:00
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژەنەراڵە دێرینەکانی ئیسرائیل چاویان لەسەر دۆخی سووریایە و دەڵێن 'مەکەونە نێو ئەو زنجیرە هەڵانەی کەوتووینەتە نێویەوە، رێگە مەدەن ئەزموونی حەماس لە سووریا دووبارە ببێتەوە.'
 
حەماس، (بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامی) 37 ساڵ پێش ئەمڕۆ و لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1987 وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی دوای سەرهەڵدانی یەکەمین راپەڕینی فەلەستینی دامەزرا. لەو سەردەمەدا بزووتنەوەی فەتح کە نەیاری حەماسە، لەگەڵ گرووپەکانی دیکەی بەرەی رزگاریی فەلەستین، ساڵانێکی درێژ بوو لە زۆر لایەن و بوارەکانی سیاسی و سەربازییەوە، خەباتیان بۆ فەلەستین دەکرد.
 
فەتح لەو کاتەدا سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی پشتیوانیی زۆرینەی رەهای گەلی فەلەستین. لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و تەنانەت لە گۆڕەپانی ئیسرائیلیشدا دەستکەوتی سیاسی بەدەستهێنا، زۆریان داوای مافی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینیان دەکرد لەسەر سنوورەکانی ساڵی 1967ـی ئیسرائیل.
 
ئیسرائیل، ئەوکات دووژمنی یەکەم و سەرەکیی بزووتنەوەی فەتح بوو و پێیوابوو هەرکات لە فەتح بدات، دەستکەوتە. بە وردی بەدوای جێگرەوە دەگەڕا، بەڵام شکستی دەهێنا، ئیسرائیل رێککەوتنی لەگەڵ موختارەکان، ئەنجوومەنی گوندەکان و شارەوانییەکان بەکارهێنا، بەڵام بەرامبەر فەتح هەر شکستی دەهێنا.
 
رەگی رەسەنی حەماس لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا گەشەی کرد. لە ساڵی 1973، ئیخوان موسلیمین داواکارییەکیان پێشکەشی حاکمی سەربازیی ئیسرائیل کرد لە کەرتی غەززە و داوای دامەزراندنی رێکخراوێکی خێرخوازییان کرد، کە کار لەسەر پەروەردەی کۆمەڵایەتی و گەڕانەوە بۆ بەها ئیسلامییەکان و پێشکێشکردنی هاوکاری بۆ هەژاران بکات.
 
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، ئەم بابەتەیان لەبەرچاو گرت وەکو دەرفەتێک بۆ دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ فەتح و رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی، دەسەڵاتی ئیسرائیل رێگەی دا لە غەززەوە رێکخراوێک دابمەزرێنن بەناوی ناوەندی ئیسلامی، بەسەرکردایەتیی شێخ ئەحمەد یاسین. دواتر چالاکییەکانی رێکخراوەکە لە غەززەوە تاوەکو کەناری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی قودس درێژبووەوە و، ئیسرائیل رێگەی پێدا تەنانەت دەستی بگاتە عەرەبەکانی قودس.
 
شێخ ئەحمەد یاسین، توانی باوەڕ بە ئیسرائیلییەکان بهێنێت کە ئەوان بزووتنەوەیەکی میانڕەون و بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێن، بەپێچەوانەی بزووتنەوەی فەتح و رێکخراوی رزگاریخوازیی فەلەستین.
 
بۆ ئیسرائیلییەکان، جێگەی سەرنج و گرنگ بوو کە فەلەستینییەکان بۆ یەکەم جار و بەتووندی لەنێوخۆیاند پێکهەڵپڕژێن و شەڕی یەکدی بکەن.
 
بەرپرسان لە تەلئەڤیڤ بڕوایان وابوو؛ شەڕی نێوخۆی نێوان رێکخراوە ئیسلامییەکان و رێکخراوی رزگاریخوازیی فەلەستینی و عەلمانی، دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئەوەی دووەمیان. هەر لەبەر ئەوەش ئیسرائیل دەستوەردانی لە شەڕی نێوخۆ دا نەکرد.
 
ئیچخاک سێگێڤ، کە لەو کاتەدا حاکمی سەربازیی ئیسرائیل بوو لە غەززە، دانی بەوەدانا پارەی بۆ "ناوەندی ئیسلامی" دابین کردووە. ئەو، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی دووی تەلەڤیزیۆنی ئیسرائیل لە ساڵی 2009، گوتی "حکومەتی ئیسرائیل بودجەی پێدام، دەسەڵاتی سەربازیش مزگەوتەکانی پێدام."
 
ئەڤنەر کۆهین بەرپرسی کاروباری ئایینیی ئیسرائیل لە غەززە، لە هەمان بەرنامەدا گوتی "بەداخەوە، حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە دروستکراوە." دووپاتی کردەوە، هۆشداریی داوەتە سەرووی خۆی لە پشتیوانیی ئیسلامییەکان، بەڵام ئەوان گرنگییان بە هۆشدارییەکەی نەداوە.
 
کاتێک حەماس دەستی بە نیشاندانی بیرکردنەوە کرد لە بەرخوودانی چەکداری دژی داگیرکاریی ئیسرائیل، بۆ ئەوەی لەگەڵ فەتحدا بگونجێت، ئیسرائیل بەردەوام بوو لە پشتیوانیکردنی. 
 
لە ساڵی 1984 شێخ ئەحمەد یاسین لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکرا، تۆمەتبارکرا بە کۆکردنەوەی چەک بۆ خۆی و هاوەڵەکانی بەمەبەستی دووژمنایەتیی ئیسرائیل.
 
شێح ئەحمەد یاسین لە لێکۆڵینەوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی ئەو چەکانە بۆ بەرگری لەخۆکردنە لە بەرامبەر کاریگەریی فەتح و، تەنیا لە دژی ئەو هێزە عەلمانییە فەلەستینییانەی هەڕەشە لە ئیسلام دەکەن، بەکاردەهێندرێن.
 
شێخ ئەحمەد یاسین لە مانگی ئایاری ساڵی 1985 لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دا ئازاد کرا. دوای ئازادکردنی، ئەلمەجدی دامەزراند، ئەلمەجد کورتکراوەی، رێکخراوی جیهاد و بانگەوازە، بە سەرۆکایەتیی یەحیا سینوار و رەوحی مشتەها.
 
ئەوکاتەی رێککەوتننامەکانی ئۆسڵۆ واژۆکرا، حەماس بە هێزێکی زۆرەوە چالاکیی چەکداری دەستپێکرد و دەیان ئۆپەراسیۆنی چەکداریی دژی سوپای ئیسرائیل و دژی هاووڵاتییانی ئیسرائیل ئەنجامدا، ئەوەش بۆ ئەوەی زیان بە رێککەوتنەکە لەگەڵ ئیسرائیل بگەیێنێت.
 
چالاکییەکانی حەماس پشتیوانیی زیاتری هاووڵاتیانیان بەدەستهێنا. دوای کشانەوەی تاکلایەنەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، حەماس بەدەرفەتی زانی دەستبەسەر دەسەڵات دا بگرێت و کودەتاکەی ئەنجامدا.
 
لە سەردەمی بنیامین نەتەنیاهۆ، بە ئەنقەست دەسەڵاتی حەماسی بەرامبەر ئیسرائیلی لاواز و بەرامبەر دەسەڵاتی فەلەستین (فەتح)ـی بە بەهێزیی هێشتەوە. نەتەنیاهوو رێگەیدا مانگانە 30 ملیۆن دۆلاری لە وڵاتانی عەرەبییەوە بۆ بڕوات، ئەوەشی بەمەبەستی زیاتر لەتکردنی فەلەستین بوو.
 
ئیسرائیل لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بوو، بەڵام کەوتە داوەوە. حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، گەورەترین هێرشی خۆی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لەو رۆژەوە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، دەیان هەزار زیانی گیانی و دەیان ملیار دۆلار زیانی ئابووریی خستووەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، وێنە: AA

وەزیری دەرەوەی عێراق: نامانەوێت لیبیای دووەم لە ناوچەکەدا ببینین

وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی 10 وڵات لەبارەی دۆخی نوێی سووریا، لە ئوردنەوە رایگەیاند حکومەتی عێراق نەخشەڕێگەیەکی "فراوان"ـی ئامادەکردووە لەبارەی داهاتووی سووریا. دەشڵێت، سەقامگیریی سیاسی، بەشێکی گرنگی سەقامگیریی عێراقە.