رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، دەبێت دەسەڵاتی نوێی سووریا، ئیسرائیل وەکو دووژمنێک ببینێت. سەبارەت بە ئاگربەستیشیان لەگەڵ ئیسرائیل دەڵێت، ئاگربەست مانای چەکدانانیان نییە.
رۆژی شەممە (14ـی کانوونی یەکەمی 2024)، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، "هیوادارین ئەو لایەنەی ئێستا لە دەسەڵاتە (لە سووریا) ئیسرائیل وەکو دووژمنێک ببینن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکە ئاسایی نەکەنەوە".
لە چەند ساڵی رابردوودا و لەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، حیزبوڵڵای لوبنان پاڵپشتیکارێکی گەورەی حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا بوو. بزوتنەوەکە ئەم ساڵ بەهۆی سەرقاڵبوونییەوە بە جەنگی ئیسرائیل نەیتوانی یارمەتی سووریا بدات.
رووسیا و ئێرانیش دوو وڵاتی دیکەی پاڵپشتیکاری ئەسەد بوون، بەڵام رووسیا بەهۆی سەرقاڵبوونییەوە بە جەنگی ئۆکراینا و ئێرانیش لەبەر یارمەرتیدانی حیزبوڵڵا و حەماس، نەیانتوانی وەکو ساڵانی پێشووتر یارمەتی پێشکێشی ئەسەد بکەن.
ئەمینداری حیزبوڵڵا سەبارەت بە ئاگربەستی بزووتنەوەکەی لەگەڵ ئیسرائیل گوتی، ئاگربەست مانای ئەوە نییە چەک دابنێین. گوتیشی، بەرەی مقاوەمە خۆی لەگەڵ بارودۆخەکەدا دەگونجێنێت.
شەڕی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە 8ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دەستیپێکرد. کۆتاییەکانی مانگی رابردووش ئاگربەستی نێوان هەردوولایەن راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ