رووداو دیجیتاڵ
سوپاسالاری ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لەنێو خاکی سووریا بۆ داگیرکردنی خاکی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی ئاسایشیانە.
رۆژی شەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێرزی هێلڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی کرد لە بەرزاییەکای گۆلان لە باکووری ئیسرائیل و، لەوێوە رایگەیاند جموجۆڵە نوێیەکانی سوپاکەی لە ناوچەکە و لەدوای رووخانی ئەسەد، بۆ پاراستنی ئیسرائیلە لە هەڕەشەکانی گرووپە تووندڕۆکان.
سوپاسالاری ئیسرائیل گوتی "ئێمە، دەستوەردان ناکەین، لەوەی چ لەنێوخۆی سووریا روودەدات و هیچ ئامانجێکی نییە بۆ حکومڕانی."
هێرزی هێلڤی گوتیشی "دەمانەوێت ئاسایشی هاووڵاتیانی ئیسرائیل کە لەو ناوچانەی بەرزاییەکانی گۆلانن، بپارێزین و بەگونجاوترین شێوازیش ئەو کارە دەکەین."
ئەو لێدوانە نوێیەی سوپاسالاری ئیسرائیل وەڵامێک بوو بۆ لێدوانەکانی رۆژی شەممەی رابردووی ئەحمەد شەرع ناسراو بە "ئەبوو محەممەد جۆلانی"، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) کە رایگەیاندبوو؛ ئیسرائیل هیچ رەوایەتییەکی نییە دەستوەردان لە سووریا بکات، لەدوای کشانەوەی هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا، بەڵام گوتبووشی هێزەکانیان هیچ ئامانجێکیان نییە رووبەڕووی ئیسرائیل ببنەوە.
حکومەتی راگوزەری سووریا لە نامەیەکدا، داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد؛ گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل تاوەکو هێرشەکانی لەنێو سووریا رابگرێت و هێزەکانیشی بکشێنێتەوە ئەودیو خاڵی ئاگربەستی ساڵی 1974، بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و سووریا.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل لە 8ـی کانوونی یەکەم و لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 500 پێگەی سەربازی سووریایان کردووەتە ئامانج و نزیکەی 80٪ـی توانا سەربازییەکانی سووریایان لەنێوبردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ