وەزیری دەرەوەی عێراق: نامانەوێت لیبیای دووەم لە ناوچەکەدا ببینین

دوێنێ کاژێر 07:44
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی 10 وڵات لەبارەی دۆخی نوێی سووریا، لە ئوردنەوە رایگەیاند حکومەتی عێراق نەخشەڕێگەیەکی "فراوان"ـی ئامادەکردووە لەبارەی داهاتووی سووریا. دەشڵێت، سەقامگیریی سیاسی، بەشێکی گرنگی سەقامگیریی عێراقە.
 
رۆژی شەممە (14ـی کانوونی یەکەمی 2024) د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی 10 وڵات لە عەقەبەی ئوردن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەوان وەکو وڵاتانی دراوسێی سووریا، نایانەوێت، قەیرانێکی نوێ لە سووریا سەرهەڵبداتەوە، داواشی کرد پێویستە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا گرنگی بە پاراستنی مافی کەمینەکان و ژنان لە سووریای نوێ بدەن.
 
د. فوئاد حوسێن گوتی "ئێمە، نامانەوێت لیبیای دووەم لە ناوچەکە دا دروست بێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، بەشداری بە سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا بکەن لە پرۆسەی سیاسیی، هەروەها رێز لە مافەکانی مرۆڤ و ژنان بگرن." 
 
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوە دەکات پرۆسەی سیاسی لە سووریا دەبێت لەسەر بنەمای پاراستنی مافی سووریاییەکان بێت، بەتایبەتی مافی پێکهاتەکان و هیچ پێکهاتەکەیش لە پرۆسەی سیاسیی داهاتووی وڵاتەکەدا بێبەش نەکەن.
 
فوئاد حوسێن دەڵێت "دەبێت سووریاییەکان هەوڵی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر بدەن، دەوڵەتێک تاوەکو پەنابەرانی سووریا بتوانن بۆی بگەڕێنەوە." 
 
داواش دەکات، دەسەڵاتدارانی سووریای نوێ ژینگەیەک دروست بکەن، کە هەموو سوورییەکان تێیدا هەست بە ئازادی بکەن و خۆیان بە بەشێک لە داهاتوو ببینن. 
 
لەو کۆبوونەوەیەدا، وڵاتانی عەرەبی داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵی دەست لە کاروباری نێوخۆی سووریا وەرنەدەن و پرۆسەی قۆناخی راگوزەری سیاسیی لەلایەن سووریاییەکان خۆیانەوە دیاریی بکرێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوکاریان بکەن نەوەک دەستوەردان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە