جەنگی غەززە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل لەبار دەبات
رووداو دیجیتاڵ
جەنگی نێو کەرتی غەززە دوو مانگی تێپەڕاند و هیچ ئاسۆیەکیش بۆ ئاگربەستێکی نوێ نییە. رۆژ لە دوای رۆژیش ژمارەی قوربانییەکانی جەنگەکە زیاد دەبن. جەنگێک کە خەریکە چارەسەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل لەبار دەبات.
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل دەڵێت، "ئەوەی خوازیارم بڵێم دژی ئەوەم کە تەنیا باس لە چارەسەری دوو دەوڵەتی بکەیت. بۆچی؟ چونکە ئێستا قۆناخێکی هەستیار هەیە کە دەبێت چارەسەری بکەین. ئێستا نیشتمانەکەم لە پرسەدایە و تووشی نەهامەتی بووە. ئەو پیاڵە ژەهرەی ئیسرائیلییەکانی بینیوویانە و پڕکراوە. بۆ ئەوەی بگەڕێیتەوە بۆ بیرۆکەی پارچەکردنی خاکەکە و دانوستاندنی لەبارەی ئاشتی و گفتوگۆکردن لەگەڵ فەلەستینییەکان. دەبێت یەکەمجار بیر لە چارەسەری ئەو نەهامەتییە بکاتەوە کە رووبەڕوومان بووەتەوە".
رۆژی پێنجشەممە، جەیک سولەیڤان، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل کۆبووەوە.
واشنتن دەیەوێت غەززە و کەرتی رۆژئاوا لەلایەن دەسەڵاتێکی یەکگرتووی فەلەستینییەوە سەرپەرشتی بکرێت و ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ دەوڵەتێکی فەلەستین. بەڵام ئیسرائیل لەژێر حکومەتی راستڕۆی نەتەنیاهوو دژی ئەوەیە دەسەڵاتی فەلەستینی کۆنترۆڵی کەرتی غەززە بکات.
محەممەد شتییە، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین دەڵێت، "سەرۆکی ئەمریکا داوای چارەسەری دوو دەوڵەتی لەسەر بنەمای سنوورەکانی 1967 دەکات. کەمالا هاریس، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکمان، هەمان خاڵی دووپاتکردەوە. هەرچی بەرپرسی ئەمریکی هەیە هاتووەتە ئێرە و لەگەڵمان کۆبووەتەوە، هەمان قسەیان کردووە. ئێستا کە ئەمریکا قسەکە دەکات، دەبێت بە کرداریش بیکات، بۆیە پێویستە هەنگاوی کرداری لە چارەسەری دوو دەوڵەت بنێت، نەک تەنیا بڵێت بڕوام پێیەتی".
لەگەڵ لاوازبوونی ئەگەری کۆتاییهێنان بە جەنگە 70 رۆژییەکە، تائێستا زیاتر لە 18 هەزار فەلەستینی و لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی لەو جەنگەدا کوژران و وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش رایگەیاند رەنگە جەنگەکە چەندین مانگی دیکە بخایەنێت.