نەتانیاهو بۆ روحانی: ئیسرائیل کەروێشک نییە، پڵنگە

15-12-2016
نیشانەکردن ئیسرائیل ئێران
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی هەڕەشەكانی ئێران دەداتەوە و بە سەرۆكی كازاخستاندا پەیامێك بۆ تاران دەنێرێت و دەڵێت "ئیسرائیل کەروێشک نییە، پڵنگە".

لە کاتێکدا رێبەری ئێران پێشبینی دەکات تاوەكو 25 ساڵی داهاتوو وڵاتێک بەناوی ئیسرائیل بوونی نەمێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دەدات کە هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل ئێران دەخاتە بەردەم مەترسیی جددی.

رۆژی چوارشەممە 14-12-2016 بنیامین نەتانیاهو، لە سەردانەکەی بۆ کازاخستان داوای لە نوورسوڵتان نەزەربایۆف، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کرد ئەو هۆشدارییەی ئیسرائیل بە حەسەن رەحانی سەرۆککۆماری ئێران رابگەیێنێت و لێی بپرسێت: بۆچی کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیل دەکات؟

هاوکات عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە دیداری رۆژی چوارشەممە 14-12-2016ى لەگەڵ رەمەزان عەبدوڵڵا، سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین لە تاران گوتی "بە مەرجی خەباتی هاوبەشی فەڵەستینییەکان و یەكڕیزیی موسڵمانەکان، وڵاتێک بەناوی ئیسرائیل تاوەكو 25 ساڵی داهاتوو نامێنێت".

لە پەیامەكەیدا بۆ روحانی، نەتانیاهو لە ئاستانەی پایتەختی کازاخستان گوتوویەتی "ئیسرائیل کەروێشک نییە، پڵنگە. وڵاتێکی بچووک و بێدەسەڵات نییە و ئێرانییەکان نازانن لەگەڵ چی بەرەوڕوون، نازانن خۆیان دەخەنە بەردەم مەترسییەکی جددی".

داڕشتنەوە: حەكیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە