رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
تیمێکی ئاگرکوژێنەوە لە بەیرووت، دوای بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل، ئاگری باڵەخانەیەک دەکوژێننەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی لوبنان دەڵێن، حکومەتی ئەو وڵاتە پێشنیازێکی ئاگربەستی لەلایەن ئەمریکاوە پێگەیشتووە بۆئەوەی دوو مانگ جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بوەستێنرێت، لەو ماوەیەشدا سوپای لوبنان بە درێژایی سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل جێگیر بکرێت. بەرپرسێکی لوبنانی نزیک لە حیزبوڵڵا داوای مۆڵەتی کردووە بۆئەوەی بڕیار بدەن و ئیسرائیل هێشتا هەڵوێستی خۆی ئاشکرا نەکردووە.
لە 23ی ئەیلوول ئیسرائیل بۆردوومانکردنی باشووری لوبنانی چڕکردەوە و دواتر دەستی بە هێرشی زەوینی کرد.
تاوەکو ئێستا هەوڵەکانی ئەمریکا و فەرەنسا بۆ وەستاندنی جەنگەکە شکستیان هێناوە.
بەڵام دوو بەرپرسی لوبنانی بە ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، ئێستا پێشنیازێکی نوێ خراوەتەڕوو.
بەرپرسێکی باڵای لوبنانی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە لیزا جۆنسن، باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان پلانەکەی پێشكێش بە نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان و نەبی بەری، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کردووە.
نەبی بەری لە حیزبوڵڵا نزیکە و بە نوێنەرایەتیی بزووتنەوەکە بەشداری لە هەوڵەکانی ئاگربەستدا دەکات.
بە گوتەی بەرپرسە لوبنانییەکە، پێشنیازە ئەمریکییەکە لە 5 لاپەڕە پێکدێت کە 13 خاڵی لەخۆگرتووە، بەڵام وردەکاری زۆری نەداوە.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر لایەنەکان رێکبکەون، واشنتن و پاریس راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە و دواتر ئاگربەستێکی 60 رۆژی دەستپێدەکات و لەو ماوەیەدا سوپای لوبنان لە سنووری باشوور ئەو وڵاتە جێگیردەکرێت.
بەرپرسەکە بە فرانس پرێسی گوتووە، پێشنیازەکە "پێشنیازێکی ئەمریکییە و نەبی بەری داوای سێ رۆژی کردووە" تاوەکو هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن. روونیشیکردەوە، تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هەڵوێستی خۆی لەسەر پێشنیازەکە رانەگەیاندووە.
بەرپرسانی ئیسرائیلی بەم دواییانە جەختیان کردووەتەوە کە دەست لەسەر شەڕی دژی حیزبوڵڵا شلناکەن.
بەرپرسێکی دیکەی لوبنان، کە ئەویش نەیویستووە ناوی بهێندرێت، پشتڕاستی کردووەتەوە، پێشنیازێک بۆ ئاگربەست 'هەڵسەنگاندنی" بۆ دەکرێت و بە دانوستاندنەکان "گەشبینە."
ئەو بەرپرسە گوتوویەتی، "ئەو پێشنیازە ئەنجامی دوایین کۆبوونەوەی نێوان نەبی بەری و ئامۆس هۆکشتاین، نێردەی تایبەتی ئەمریکایە کە لەسەر نەخشەڕێی ئاگربەست بە گوێرەی بڕیارنامەی 1701 رێککەوتن."
بەری و هۆکشتاین دوایین جار لە تشرینی یەکەم کۆبوونەوە.
بڕیارنامەی ژمارە 1701ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە کۆتایی بە جەنگی 2006ی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل هێنا، داوا دەکات سەربازانی سوپای لوبنان و هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سنووری باشووری لوبنان جێگیربکرێن، کە ئەوێ شوێنی هەژموونی حیزبوڵڵایە.
هەروەها بە گوێرەی بڕیارنامەکە دەبێت ئیسرائیل سەربازەکانی لە لوبنان بکشێنێتەوە.
یەکێک لە بەرپرسەکان بە فرانس پرێسی گوتووە، هەر پێشنیازێک رێگە بە ئیسرائیل بدات لە هێرشەکانی بۆسەر لوبنان بەردەوام بێت، لە لایەن حکومەتی لوبنانەوە رەتدەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ