ئاکپارتی: لکاندنی کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە کۆمەڵکوژیی زیاتر دەهێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا دەڵێت، پشتگیریکردن لە غەززە پشتگیریکردنە لە یاسای نێودەوڵەتی. ئاماژە بەوەش دەکات، "لکاندنی کەرتی رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە کۆمەڵکوژیی زیاتر بەدوای خۆیدا دێنێت."
 
رۆژی هەینی 15-11-2024 عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەیدا رەخنەی تووندی لە بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل گرت بەوەی باسی لە "لکاندنی کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین بە ئیسرائیل"ەوە کردبوو و گوتی، "ئامانجیان ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی زیاتر و ناسەقامگیرکردنی زیاتری ناوچەکەیە."
 
گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی دۆخی غەززە قسەی کرد و گوتی، "پرسی غەززە، پرسی هەموو مرۆڤایەتییە، پرسی تەواوی یاسای نێودەوڵەتییە، بەبێ پشتگیریکردن لە غەززە، ناتوانرێت پشتگیری لەوانە بکرێت."
 
چەلیک گوتیشی، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و سووریا بەردەوامن و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد، "هێرش دەکاتە سەر سیستمی نێودەوڵەتی، سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی."
 
رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2024 وەزیری دارایی ئیسرائیل لە کنێست گوتارێکی پێشکێش کرد، بە پێویستی زانی دامودەزگاکانی ئیسرائیل ئامادەکاری بکەن بۆئەوەی ساڵی داهاتوو بەشێکی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بە ئیسرائیلەوە بلکێندرێت و گوتی، "هاتنەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەرفەتێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بیرۆکەیە."
 
رۆژێک دوای ئەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، ئەو گوتانەی وەزیری دارایی ئیسرائیل دەرخەری ئەوەیە کە ئامانجی کۆتایی ئیسرائیل داگیرکردنی خاکی فەلەستینە.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتیشی، بە هەموو شێوەیەک لکاندنی کەرتی رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە رەتدەکەنەوە، "دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستی تووندیان بەرامبەر سیاسەتە نایاساییەکانی ئیسرائیل هەبێت."