حەماس ئامادەیی بۆ ئاگربەست رادەگەیێنێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای حەماس ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان بۆ وەستاندنی جەنگ لە غەززە ئامادەیە. داواشی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد "گوشار" بخاتە سەر ئیسرائیل، بۆئەوەی هێرشەکانی بوەستێنێت.
 
ئەم هەڵوێستەی حەماس نزیکەی هەفتەیەک دوای ئەوە دێت قەتەر رایگەیاندووە، دەستبەرداری رۆڵی نێوەندگیریکردن لەنێوان ئیسرائیل و حەماس دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی لایەنەکان "نیازی جیدی" بۆ دانوستاندن پێشاندەدەن.
 
باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە دەوحە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "حەماس ئامادەیە بگاتە ئاگربەست لە کەرتی غەززە ئەگەر ئاگربەست پێشنیاز بكرێت، بەو مەرجەی [لەلایەن ئیسرائیلەوە] رێزی لێ بگیرێت." گوتیشی، "داوا لە ئیدارەی ئەمریکا و ترەمپ دەکەین گوشار لە حکومەتی ئیسرائیل بکەن تاوەکو کۆتایی بە دووژمنکاری بێنێت."
 
شەممەی رابردوو، قەتەر رایگەیاند، لە نێوەندگیریکردن لە دانوستاندنەکان دەوەستێت. ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، "هەر کاتێک لایەنەکان ویست و رژدبوون پێشانبدەن، قەتەر دەست بە هەوڵەکانی دەکاتەوە."
 
جەنگی غەززە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە. قەتەر، میسر و ئەمریکا دوای چەندین مانگ لە هەوڵدان بۆ رازیکردنی حەماس و ئیسرائیل بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، شکستیان هێنا.
 
ئەمڕۆ ئیسرائیل بەردەوام بوو لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە.
 
محەممەد بەرەکە، دانیشتووی دێر بەلەحی نێوەڕاستی کەرتی غەززە گوتی، "کاژێر 2:30ی بەیانی بەهۆی بۆردوومانەوە لە خەو راچڵەکیم و حەپەسام کە بینیم کۆنکرێت و شوشە بەسەر من و منداڵەکانمدا بەردەبنەوە،" ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هێرشە بووە هۆی "شەهیدبوونی سێ کەس و برینداربوونی 15 کەس."
 
ئەو هاووڵاتییە فەلەستینییە داوا دەکات "کۆتایی بەم جەنگە بێنن، چونکە لێرە  خەڵکی بێگوناهـ منداڵە بێچارەکانیان لەدەستدەدەن کە هیچ پەیوەندییەکیان بەم جەنگەوە نییە."
 
جەنگەکە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد دوای ئەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا هەزار و 206 کەس کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون.
 
هەروەها چەکدارانی فەلەستینی 251 کەسیان بە بارمتە گرت کە 97یان هێشتا لە غەززە ماون. 34 لەوانەی لە غەززە ماون، بە گویرەی سوپای ئیسرائیل، مردوون.
 
هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە تاوەکو ئەمڕۆ بوونەتە هۆی کوژرانی 43 هەزار و 764 کەس کە بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 70%یان ژن و منداڵن.
 
9 سەربازی ئیسرائیلی برینداربوون
 
بەگوێرەی دوایین ئامار کە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا 9 سەربازیان لە غەززە و باشووری لوبنان برینداربوون.
 
دوو لەو سەربازانە لە غەززە و حەوتی دیکەیان لە باشووری لوبنان برینداربوون.
 
بە گوێرەی ماڵپەڕی سوپای ئیسرائیل، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، پێنج هەزار و 360 سەربازی ئیسرائیلی لە غەززە، کەرتی رۆژئاوا و لوبنان برینداربوون. ئەوانەشی کوژراون، ژمارەیان گەیشتووەتە 794 سەرباز.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە