ئەردۆغان بۆ ئیسرائیل: ئێمە دەزانین چەکی ئەتۆمتان هەیە

15-11-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا ئیسرائیلی بە "دەوڵەتی تیرۆر" ناوبرد و پرسیاری لەبارەی بوون یان نەبوونی چەکی ئەتۆم ئاراستەی نەتەنیاهوو کرد. رایگەیاند، "ئێمە دەزانین چەکی ئەتۆمت هەیە بەڵام دەدۆڕێیت."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتاری پێشکێشکرد و بەشێکی گرنگی گوتەکانی تایبەت کرد بە فەلەستین. 
 
ئەردۆغان ئیسرائیلی بە 'دەوڵەتی تیرۆر' ناوبرد و رووی دەمی ئاراستەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و گوتی، "ئێستا لێرەوە داوا لە نەتەنیاهوو دەکەم. چەکی ئەتۆمت هەیە یان نا؟ روونی بکەوە. بەڵام ناتوانێت. ئەی ئیسرائیل! تۆ چەکی ئەتۆمت هەیە و هەڕەشەی پێدەکەیت. ئێمە ئەوە دەزانین. هەروەها ئەجەلت دێت. تا دەتوانیت ببە خاوەن چەکی ئەتۆم. بەڵام تۆ دەڕۆیت."
 
ئەردۆغان رایگەیاند حەماس پارتێکی سیاسییە و لە هەڵبژاردندا بردوویەتیەوە، بەڵام لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە مافەکانی زەوتکراون.
 
هەروەها رەخنەی لە چەند پارتێکی سیاسیی تورکیا گرت و گوتی، "کەسانێک ستەمکار و ستەمدیدە وەکو یەک سەیردەکەن کە ئەمە رووسپیکردنەوەی ستەمکارەکەیە. ئەوەی جەهەپە و بەشێک لە هاوبەشانی دەیکەن رێک ئەمەیە. لەبەر ئەوەی ناتوانن راستەوخۆ پشتگیری لە ئیسرائیل بکەن، هەوڵدەدەن خەباتکاران بە رێکخراوی تیرۆرستی ناوببەن و دڕندەکان بە بێتاوان نیشان بدەن. واشدەزانن دەتوانن ئەمە بە بێلایەنبوون بە خەڵک بفرۆشن. ئێمە لە جەهەپە تێدەگەین. ئەوان لەم بابەتەدا لە ئەزەلەوە تێکچوون. ئەوانەی تیرۆرستانی یەپەگە بە رێکخراوێک بۆ رزگارکردنی نیشتمانەکەیان دەبینن، هەروەها ئەوانەی وێنە لە پرسەی بکوژانی سەرباز و پۆلیسەکانمان وێنە دەگرن، هیچ هەڵوێستێکی دیکەیان لێ چاوەڕێ ناکرێت."
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها جەختیکردەوە، لە کۆبوونەوەی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە ریازی پایتەختی سعودیەدا، پێشنیازی چارەسەرکردنی بابەتەکەیان داوە و بۆ یەکەمجار لەسەر چەند تەوەرێک هاودەنگ بوون و چەند بڕیارێکی گرنگیان دەرکردووە. راشیگەیاند، کۆمەک دەگەیێندرێتە غەززە و رێکاری تایبەت بۆ نەخۆشەکانی کەرتەکە دەگیرێتە بەر. 
 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 'هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل' رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێک دەکەنە سەر چەند خاڵێکی نەخۆشخانەی شیفا بە "گومانی هەبوونی نێوەندێکی فەرماندەیی حەماس لەژێر نەخۆشخانەکە."
 
40 رۆژە جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، چەند گرووپێکی دیکەی ئیسلامی لە کەرتی غەززە چوونە نێو شەڕەکە. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی غەززە و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، تاوەکو ئەمڕۆ و لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە 12 هەزار و 500 کەس لە هەردوولا کوژراون.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە